داعش دوو شوان لە سنووری کەرکووک دەڕفێنێت

رووداو دیجیتاڵ

بە سوودوەرگرتن لەو شەپۆلە خۆڵبارینەی شارەکانی باشووری کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی کەرکووک دوو شوانیان رفاند. یەکێکان خەڵکی گوندێکی سنووری ناحیەی قەراجی سەر بە قەزای مەخموورە. 
 
رۆژی شەممە 9ـی نیسانی 2022، رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 11:30ـی شەوی رابردوو، چەکدارانی داعش لە گوندی بیرمهێدی سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبزی پارێزگای کەرکووک، دوو شوانکارەیان رفاندووە.
 
قایمقامی قەزای مەخموور باس لەوەش دەکات، هەردوو شوانەکە بە نەتەوە عەرەبن، یەکێکیان خەڵکی گوندی باشمەندی سەر بە ناحیەی قەراجی سەر بە قەزای مەخموورە. 
 
دوای رووداوەکانی گوندی خەدر جیجە - سنووری قەزای مەخموور و تووندتۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە سنوورەکە و هەڵکەوتانە سەر گوندەکان بۆ ماوەیەک کەمی کردبوو، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە چەکدارانی داعش دەستیان بە جموجۆڵەکانیان کردووەتەوە. 
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، چەکدارانی داعش بەردەوام سوودیان لە خراپی دۆخی کەشوهەوا وەرگرتووە، لەو رۆژانەی کە باران بووە یان کەشوهەوا تۆز و خۆڵاوی بووە یانیش تەم بووە، سوودیان لەو دۆخەی کەشوهەوا وەرگرتووە و جموجووڵیان هەبووە. 
 
بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاستی بینین لە چەند رۆژی رابردوو لە دەرئەنجامی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، چەکدارانی داعش لە بەشێک لە پارێزگایانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ کەرکووک و تەنانەت کەرکووکیش، شەوی رابردوو چەند کردەوەیەکی چەکداریان ئەنجامدا.
 
هەر لە شەوی رابردوودا، چەکدارانی داعش لە پارێزگای ئەنبار هێرشیان کردە سەر پۆلیسی فیدراڵی و دوو پۆلیس برینداربوون. لە تکریتیش بە هەمان شێوە هێرشێکیان ئەنجامدابوو. لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە ناحیەی رەشاد چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر پۆلیسی فیدراڵی، دوای شەڕ و پێکدادانێک کە ماوەی 45 خولەک بەردەوام بوو، چەکدارانی داعش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتن بەبێ ئەوەی هیچ لایەکیان زیانیان هەبێت.