جێگری پارێزگای ئیلام: ئەمساڵیش کارەبا دەبڕێت


رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگای ئیلام رایگەیاند، ئەمساڵ پارێزگای ئیلام 30٪ کورتهێنانی کارەبای دەبێت و ناچارن ئەمساڵیش کارەبا رۆژانە ببڕن.
 
سەعید هوژەبری، جێگری پارێزگای ئیلام بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: "بەپێی ئەو پشکە کارەبایەی بۆ پارێزگای ئیلام تەرخانکراوە، 135 مێگاوات کورتهێنانی کارەبا دەبێت، ئەمەش 30٪ـی کۆی بەکارهێنانی کارەبایە لەم پارێزگایەدا.
 
پێشتر عەلی ئەکبەر مێحرابیان، وەزیری وزەی ئێران گوتبووی، 17 هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنانی کارەبامان هەیە. هەفتەی رابردووش بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ئیلام لە پەیوەندیی لەگەڵ کورتهێنان و بڕانی کارەبا هۆشداری داو رایگەیاند، ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو کێشەی ناهاوسەنگی لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی کارەبادا هەیە.
 
هادی شێرخانی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئیلام باسی لەوە کرد، "بۆ ئەوەی کە کارەبا بۆ ماوەی چەندین رۆژ نەبڕدرێت، ناچارین بەپێی پلان کارەبا بۆ ماوەی کورت ببڕین."
 
هادی شێرخانی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمساڵیش وەک ساڵی پار وشکەساڵی زیاتر بووە و بەم هۆیەوە بەشێک لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە دەستچووە."
 
سەعید هوژەبری، جێگری پارێزگای ئیلام، پێشتر ئەوەشی گوتبوو: "فەرمانگە و دامودەزگاکان دەبێت بەشێک لە پێویستیی کارەبا خۆیان دابینی بکەن و دەبێت ماتۆڕی کارەبا (موەلیدە) بۆ خۆیان دابین بکەن." 
 
بەگوتەی هادی شێرخانی، لە ساڵانی 2019 و 2020یشدا ناهاوسەنگی لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی کارەبادا هەبووە، بەڵام بە گرتنەبەری رێکاری جیاواز توانراوە قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام ساڵی 2021 بەهۆی ئەوەی کە بارینەکان کەم بوون پیشەسازی کارەبا لەگەڵ کێشە و قەیرانی قوڵ رووبەڕوو بوو.
 
هاوینی ساڵی 2021 بۆ دابینکردنی کارەبای ماڵان حکومەت کارەبای بەشێک لە کارگە بەرهەمهێنەرەکانی بڕی، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەیەک بەشێوەی رۆژانە کارەبا بۆ ماوەی چەندین کاژێر دەبڕدرا.