ئەندامانی لیستی برایەتی بەهۆی بەشدارییان لە گشتپرسی لەلایەن دادگەی کەرکووکەوە داواکراون

10-04-2022
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
ئەندامانی لیستی برایەتی بەهۆی بەشدارییان لە گشتپرسی لەلایەن دادگەی کەرکووکەوە داواکراون
ئەندامانی لیستی برایەتی بەهۆی بەشدارییان لە گشتپرسی لەلایەن دادگەی کەرکووکەوە داواکراون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جوان حەسەن، ئەندامی فراکسیۆنی برایەتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێک بوو لەو کەسانی بڕیاری بەشداریکردنی کەرکووکیدا لە گشتپرسیی باشووری کوردستان، دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر ئەو پرۆسەیە، دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرکووک دۆسیەی لێکۆلینەوە لە دژیان دەجوڵێنێت.
 
جوان حەسەن و 27 ئەندامی دیکەی فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ لێکۆلینەوە و وەرگرتنی گوتەیان لەلایەن دادگەی کەرکووکەوە داواکراون و دەبێت لەم هەفتەیدا لە دادگە ئامادە بن.
 
جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەڵامی ئێمە ئەوەیە، ئێمە وەکو ئەندامانی ئەنجوومەن نوێنەری خەڵکین و بە دەنگی ئەوان چووینەتە ئەنجوومەن، واتا فەرمانبەر نین و بە بڕیارێک نەبووینەتە فەرمانبەر، بەشداری خەڵکیش لەو پرۆسەیە سەلماندی کە ئێمە بڕیارێکی راست و دروستمان داوە و پەشیمان نەبینەوە."
 
دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرکووک لەسەر سکاڵای هەردوو فراکسیۆنی عەرەبی و تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، داوای زانیاری لە بەشی یاسایی ئەنجوومەنەکە کردووە تاوەکو ناوی ئەو کەسانەیان ئاڕاستە بکرێت کە بە زۆرینە دەنگیاندا گشتپرسیەکە کەرکووکیش بگرێتەوە.
 
محەممەد کەماڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "هەندێک لە برادەرانی لیستی تورکمان و عەرەبی لە 2018  سكاڵایان تۆمارکردووە بابەتی ئێستا نییە، بڕیارەکە بیانووپێگرتنە و ئەگەر واش نەبێت، ئەو بڕیارە گرنگی نابێت."
 
سکاڵاکە پێنج ساڵ لەمەوپێش تۆمارکراوە و سێ ساڵیشە ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵوەشێنراوەتەوە، بۆیە جووڵاندنی ئەو کەیسە و بانگهێشتکردنی ئەندامی فراکسیۆنی برایەتی، بە بڕیارێکی سیاسی دەزانرێت.
 
شکار مەردان، پارێزەرە و باس لەوە دەکات، "لە 2017ـەوە تاوەکو ئێستا پێنج ساڵ بەسەر ئەوە تێپەڕیوە، لە رێکاری یاساکانی تاواندا دەڵێت: هەر سکاڵایەک دوای سێ مانگ بەدواداچوونی بۆ نەکرێت لەلایەن ئەو کەسانەوە کە سکاڵاکەیان تۆمارکردووە، ئەو کەیسە دادەخرێت، بەڵام کە دانەخراوە ئەو بڕیارێکی سیاسییە، ئێستاش کە دووبارە کراوەتەوە ئەو ئەندامانە دەبێت لە دادگە ئامادەبن."
 
فراکسیۆنی برایەتی کە دوای هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەر کەرکووکیان جێهێشت، خاوەن 28 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بوون لە کۆی 41 کورسی و لە ساڵی 2017  بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا کەرکووکیش لە گشتپرسیی باشووری کوردستان بەشدار بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە