رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام دەڵێت، لە یەک ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 929 هاوژین تۆمار کراون کە توانای خستنەوەی منداڵیان نییە و ئیلام یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە ئامارێکی بەرزی لەم بوارەدا هەیە.
بەگوتەی جەمیل سادقی فەر، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکی ئیلام بۆ کاروباری تەندروستی، 11.7٪ـی هاوژینەکان لە ئیلام بەگشتی توانای خستنەوەی منداڵیان نییە و 18.4٪یش تەنیا منداڵێکیان بووە و دوای ئەوە منداڵیان نابێت.
ژمارەی ئەو هاوژینانەی لە سەرانسەری ئێران منداڵیان نابێت 12٪ـە و ژمارەی ئەوانەش کە تەنیا یەک منداڵیان هەیە و دواتر توانای منداڵبوونیان لەدەستداوە 15٪ـە.
بەپێی توێژینەوەیەکی ناوەندی توێژینەوەی ئیبن سینا کە لەنێوان ساڵانی 2013 و 2015 ئەنجامیداوە، نزیکەی 4 ملیۆن هاوژین لە ئێران توانای ئەوەیان نییە منداڵیان بێت.
بەپێی ئەو راپۆرتە، یەک لەسەر هەشتی هاوژینەکان لە ئێران توانای هەبوونی منداڵیان نییە؛ بەڵام لە هەندێک پارێزگاش ئەم رێژەیە یەک لەسەر پێنجی ژمارەی هاوژینەکانە.
پزیشکانی پسپۆڕی ئێرانی هۆکاری جیاواز بۆ نەزۆکی باس دەکەن، لەوانە هۆکارە بۆ ماوەییەکان، هەڵکشانی تەمەن، کاریگەریی ژینگە، پیسبوونی هەوا، دڵەڕاوکێی شوێنی کار، خواردنەوەی ماددە کحولییەکان، دووکەڵ و هەروەها جۆری خۆراک و خواردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ