دوای یاری پێشمەرگەی سلێمانی و دەربەندیخان گرژی و ئاڵۆزی روویدا

09-04-2019
ڤیدیۆیەکی ساتی ئاڵۆزییەکان
ڤیدیۆیەکی ساتی ئاڵۆزییەکان
نیشانەکردن دەربەندیخان
A+ A-

رووداو - دەربەندیخان

دوای تەواوبوونی یاری نێوان یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و دەربەندیخان لە یاریگەری ئاشتی لە شاری سلێمانی، گرژی و ئاڵۆزی روویدا و چەند کەسێک بەهۆی گازی فرمێسکڕێژ رەوانەی نەخۆشخانە کران. راهێنەری یانەی دەربەندیخان دەڵێت، کێشەکە لەگەڵ یانەی پێشمەرگە نەبووە، بەڵکو بەهۆی رێگری هێزی چالاکییە مەدەنییەکان لە هاتنە ناوەوەی فەرمانبەرێکی ئیدارەی یانەکە بۆ ناو یاریگە، کێشەکە دروستبووە. 

هۆگر عەبدوڵڵا، راهێنەری یانەی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەکە لەسەر یارییەکە و ئەنجامەکەی نەبووە، چونکە پیرۆزباییان لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کردووە کە 1 بە سفر یارییەکەی بردووەتەوە.

هۆگر عەبدوڵڵا گوتیشی "کێشەکە کاتێک روویداوە کە کەسێک لە ئیدارەی یانەی دەربەندیخان ویستوویەتی بێتە ناو یاریگە، بەڵام پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان رێگریان لێکردووە، لە ئەنجامدا ئاڵۆزی دروستبووە و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە و چەندین کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون".

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کەسێک چەکی پۆلیسێکی مەدەنی دەڕفێنێت و هەڕەشە لە هاندەرەکان دەکات.

سەرچاوەیەک لە یانەی دەربەندیخان بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو کەسە لە شوێنێکی دیکە پیشەی پۆلیسە بەڵام بە باجی کامێرامانی چووەتە نێو یاریگەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، بەهۆی هەڕەشەکردنیشی لە هاندەران ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون.
 
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەوانەی گازی فرمێسکڕێژیان بەرکەوتووە زۆرینەیان فەرمانبەر و ئەندامی کارگێڕی یانەکە بوون، لەنێویاندا جێگری سەرۆکی یانەی دەربەندیخان هەیە.

فۆتۆ: چێنەر ئەحمەد

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە