رۆژ نووری شاوێس: گشتپرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دەگرێتەوە

09-04-2017
گۆڤەند مستەفا
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی، رۆژ نووری شاوێس
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی، رۆژ نووری شاوێس
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆژ نووری شاوێس نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ کونسوڵی وڵاتان لەبارەی گشتپرسی ئاشکراکرد و رایگەیاند، گشتپرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

رۆژی یەکشەممە 9-4-2017 شاندی پارتی و یەكێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان کۆبوونەوە. 

دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی، رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەندامی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکراکرد.

رۆژ نووری شاوێس گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا پێش هەموو شتێک باس لەوەکرا، کە مەسەلەی ریفراندۆم مافێکی سرووشتی هەر میللەتێکە و مافی گەلی کوردستانیشە. گەلی کوردستان بە چاکی دەزانێت لەمڕۆژەدا ئەو مافەی خۆی بەکاربهێنێت، لە کاتی گونجاو لە ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجامبدات لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان".

د. رۆژ نووری شاوێس دەڵێت "ئەمە بڕیارێکە پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نییە، بەڵکو تەنها پەیوەندی کوردستانی عێراق و گەلی کوردستانی عێراقەوە هەیە".

لەبارەی ئەو پرسیارەی لە گشتپرسییەکەدا لە خەڵک دەکرێت، رۆژ نووری شاوێس گوتی "پرسیارەکە "بە (ئا) یان (نا) بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەبێت، پاش ئەوەی ئەنجامەکەی زانرا ئەوکاتە هەنگاوی دیکە دەهاوێژرێت".

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، وەک رۆژ نووری شاوێس گوتی "هەنگاوەکان بۆ میوانەکان روونکرانەوە، بەتایبەتی هەنگاوی یەکەم ئەوە دەبێت بکەوینە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئەنجامی ریفراندۆمەکە بکەینە واقیع و بیگەیێنینە ئەو سنوورەی کە گەلی کوردستانی پێ رازی دەبێت، کە ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە".

ئەندامەکەی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی دەشڵێت "ئەوە شاراوە نییە کە ئێمە سنوورمان لەگەڵ عێراق هەر دەمێنێت، پەیوەندی ئابووری و سیاسی و ئاسایشمان لەگەڵ ئەوان هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە هەر کارێک دەکرێت بە لێکتێگەیشتن بێت".

رۆژ نووری شاوێس ئاماژە بەوەش دەکات، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری وڵاتان باسیان لەوەکردووە سەردانی هەموو حیزبەکانی کوردستانیان کردووە، کە ئامادەبوون پێشوازییان لێبکەن."هەموو ئەو حیزبانە ئامادەن لە کۆمیتەیەکی فراواندا کار بکەن بۆ دەستنیشانکردنی پێویستییەکانی ریفراندۆمێکی سەرکەوتوو. لە راستیشدا هەموویان جەختیان کردووەتە سەر ئەو پرسە بە پارتی و یەکێتیشەوە کە ریفراندۆم مەسەلەیەک نییە تەنیا پەیوەندی بە حیزبێک یان لایەنێکەوە هەبێت، بەڵکو مەسەلەیەکی نەتەوەییە".

ئەندامەکەی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی ئەوەشی راگەیاند، نوێنەری وڵاتان چەند پرسیارێکیان دەربارەی شێوەی گشتپرسی ئەو شوێنانەی ریفراندۆکەیان لێ ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ ئەوانەی بەشدار دەبن و ئەوانەی بەشدار نابن لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کردووە.

رۆژ نووری شاوێس گوتی "وەڵامی ئەو پرسیارانە لەلایەن ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە راشکاوی درانەوە، چونکە ئەمانە مەسەلەیەک نین بشاردێنەوە، ئەو نیەتە کە راگەیێندارا و هەوڵی بۆ درا، دەبێت کارەکە زۆر روون و ئاشکرا بێت".

سەبارەت بە ئەو ناچانەی گشتپرسی دەیانگرێتەوە، رۆژ نووری شاوێس گوتی: "ئەو شوێنانەی لە کوردستان دابڕێنراون یان داگیرکراون، بە نسبەت ئێمە کوردستانن. لە دەستووری ماددەی 140 بۆ دانراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە. ئێمەش بەپێی خواست و ویستی خەڵکی ئەو ناوچانە؛ ئەگەر بیانەوێت بەشداربن ئەوکات ناتوانین هیچ لاریبوونێکمان هەبێت و دەبێت رێوشوێن دابنێین بۆ بەشداریکردنیان. ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش داوایکردووە ئەویش بەشداربێت لە گشتپرسییەکە، ئێمەش بە پیریانەوە دەچین و مافێکی سرووشتی خۆیانە. ناوچەکانی دیکەش بە هەمان شێوە".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە