پارێزگاری کرماشان سەردانی هەڵەبجەی کرد؛ 'کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازانی تاوتوێ کرد'

09-03-2024
پەیمان محەممەد
ئازاد تۆفیق رایگەیاند: کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان
ئازاد تۆفیق رایگەیاند: کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان
نیشانەکردن دەروازەی سازان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرشتیی پارێزگار، سەردانی هەڵەبجەیان کرد، پاریزگاری هەڵەبجە دەڵێت، بڕیارە لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کردنەوەی دەروازەی سازان، وەبەرهێنان و پەیوەندیی کشتوکاڵیی نێوان هەردوو پارێزگا پێکبهێنرێت.
 
رۆژی شەممە 09-03-2024، شاندێکی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرشتیی محەممەد تەییب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان، گەیشتە هەڵەبجە و لەلایەن ئازاد تۆفیق، پارێزگار و نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە پێشوازییان لێکرا، لە کۆبوونەوەیەکدا هەندێک تەوەری تایبەت بە دوو پارێزگاکە تاوتوێکران.
 
دوای کۆبوونەوەکە، هەردوو پارێزگار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
 
ئازاد تۆفیق رایگەیاند ''کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان، پەیوەندیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵیی هەڵەبجە و کرماشان و وەبەرهێنانی هاوبەش.''
 
بەگوتەی پارێزگاری هەڵەبجە، هەردوو لا یاداشتێکیان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش واژۆکردووە، بۆ ئەوەی بە سەرپەرشتیی قایمقامی کرماشان و هەڵەبجە و بە ئەندامیێتیی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، شارەوانی و گەشتوگوزاری هەردوولا، هەوڵبدرێت لە شەش مانگی داهاتوودا کاری دەروازەی سنووریی سازان، وەبەرهێنان و پەیوەندیی کشتوکاڵیی نێوانیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بخرێتە خزمەت خەڵکی هەردوو پارێزگا.
 
هاوکات محەممەد تەیب سەحرایی گوتی، سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندەکەیان، پەیوەندیی بە هاوکاریی ئابووری، ئاوەدانکردنەوە، هاوکاریی گومرگی و کشتوکاڵییەوە هەیە.
 
وەک پارێزگاری کرماشان ئاماژەی دا، بەگوێرەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ گەشەپێدان و بەدواداچوونی هاوکارییەکانی نێوان پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە پێکدەهێنرێت، کە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی نێوانیان دەکات.
 
محەممەد تەیب سەحرایی ئەوەشی خستەڕوو، ''پێشنیازمان کردووە؛ هەر شەش مانگ جارێک بە ئامادەبوونی هەردوو پارێزگار، کۆبوونەوەیەک بکرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان بکرێت.''
 
پارێزگاری کرماشان جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە لەو باوەڕەداین سنووری هاوبەش دەرفەتێکی باشە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان کرماشان و هەڵەبجە.''
 
لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازانیشەوە گوتی، ''دەبێت حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەزامەندی خۆی لەسەر ژمارەی دەروازەکانی نێوان پارێزگای کرماشان و پارێزگاکانی دراوسێی لە عێراق بدات.''
 
هەڵەبجە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام تەنیا سێ دەروازەی سنووریی نیمچە فەرمیی لەسەرە کە شووشمێ، تەوێڵە و پشتەن.
 
مەرزی سازانیش دەکەوێتە گوندی سازانی پارێزگای هەڵەبجە، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی هەڵەبجە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لە کردنەوەی نەدراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەی مانگی شوبات چەندین بڕیار پەسندکران، لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەدواداچوونی بابەتی مەرز و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە و تەواوکردنی رێکارەکانی بەفەرمی ناساندنیان لە بەغدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.