لە بانە کۆڵبەرێک رووت دەکرێتەوە و لەپشتەوە تەقەی لێدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە شەوێکی تاریک، دەنگی دەستڕێژی گوللەی پاسەوانانی سنووری ئێران کە بەبێ ئامانج تەقە لە کۆڵبەرەکان دەکەن لە ڤیدیۆیەکدا دەبیسترێت، هەروەها دەبینرێت کە دەیان کۆڵبەر بێپەنا، لە خاڵی سفری سەر سنوور نە رێگەی چوونیان هەیە، نە گەڕانەوە. 
 
بەڵام کۆڵبەرەکان دەڵێن، ئەوان زۆر جاریش راستەخۆ تەقەیان لێدەکرێت. لە هەردووکیاندا زۆر کۆڵبەر بریندار دەبن یان دەکوژرێن. 
 
عەلی زەرغامی، تەمەن 52 ساڵ، یەکێک بوو لەو کۆڵبەرانەی هەفتەی رابردوو کوژرا، ژن و منداڵی هەبوو و لەدوای خۆی جێیهێشتن. 
 
کۆڵبەرێک لەنزیک ئەو دارەبازەیەی تەرمی عەلی زەرغامیی لەسەرە دەڵێ "لە مەرزی کۆتەڕەشە شەهیدیان کرد، ئەمشەو کوشتوویانە ." 
 
دایکە بەتەمەنەکەی عەلی، تاساوە و هاوار دەکات "توخوا مەمگرن" لە سنگی خۆی دەدات و، دەڵێ ئیدی "دڵم بە کێ خۆشکەم. رۆڵەمڕۆ."
 
کۆڵبەرێکی دیکەش هەر لەم رۆژانەدا مینێکی پێدا تەقییەوە و قاچێکی لەدەستدا. 
 
زانیار سیاحی، کۆڵبەرێکی دیکەیە، لە سەر سنووری هەنگەژاڵی بانە، هێزی پاسەوانی سنووری ئێران دەستگیریان کرد، بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەشکەنجەیان داوە، رووتیان کردووەتەوە، پاشان ئازادیان کردووە، دواتر لە پشتەوە بە تاپڕ تەقەیان لێکردووە. 
 
زانیار ئێستا تەندروستیی باش نییە و لە نەخۆشخانەی تەورێزە.
 
کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی عەتا حوسێنی، کە خەڵکی پاوەیە هەفتەی رابردوو لە سنووری شوشمێ تەقەیان لێکرد و گوللە سنگی پێکا، لەبەر سەختیی برینەکەی گوازرایەوە نەخۆشخانەی کرماشان و دەگوترێت مێشکی وەستاوە.
 
لەم ماوەیەدا چەندین جار هێزی پاسەوانی سنووری ئێران بە چەقۆ و بەرد هێرشیان کردووەتە سەر کۆڵبەرەکان و چەندین کەسیان بریندار کردووە.
 
بەڵام کۆڵبەران بەهۆکاری دیکەش هەر دەبنە قوربانی، لەوانە شەوی پێنجشەممە و بەیانیی هەینی، 12 کۆڵبەر لە دوو رووداوی جیاوازی هاتووچۆدا لەنێو شاری پاوە و دەرەوەی شار، بریندار بوون. 
 
بەهمەن بەدری، شەوی رابردوو، لە سنووری نەوسوود بریندار بوو. تەندروستیی باش نییە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی قودسی پاوەدایە، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.
 
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، تەنیا لە یەک مانگی رابردوودا پێنج کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، یەک لەوان لە سەرمادا رەقبووەتەوە، ئەوانی دیکە کوژراون.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤ (کوردپا)، لە ساڵی 2023 ـدا 37 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، 320 کەسی دیکەشیان بە هۆکاری جیاواز بریندار بوون. 
 
بەڵام هۆکار هەرچی بێت، ئەوان قوربانیی دۆخی ئابوورین. کۆڵبەرەکان توێژی هەرە کەمداهاتی کۆمەڵگەن، کە بەگوتەی خۆیان هیچ دەرفەتێکی دیکە بۆ بژێوی ژیانیان شک نابەن، ئەگەرنا کۆڵبەری ناکەن. 
 
بەم پێیە تاوەکو ئەم دۆخە بەردەوام بێت، کۆڵبەرییش بەردەوام دەبێت، هەرچەندە حکومەتی ئێران گوشاریش بهێنێت و بییەوێت رێگریی لە کۆڵبەری بکات.