بۆ یەکەمجار پۆلیسی کەرکووک مۆڵەتی بوونی چەک لە ماڵان دەدات؛ دەمانچە و کڵاشینکۆڤ رێگەپێدراون

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەمجار پۆلیسی کەرکووک، مۆڵەتی بوونی چەک لە ماڵان دەدات و داوا لەو کەسانە دەکات، کە چەکیان هەیە سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکەن و مۆڵەت بۆ چەکەکانیان وەربگرن، بەپێچەوانەوە دەستبەسەر چەکی بێ مۆڵەت دەگیرێت.
 
بێوار، نووسینگەی چاپ و رێکخستنی مامەڵەی هەیە، دەڵێت هەفتانە نزیکەی 50 بۆ 60 کەس دەچنە لای و داوا دەکەن لەرێگەی ئینتەرنێتەوە، فۆرمی وەرگرتنی مۆڵەتیان بۆ پڕبکاتەوە.
 
بێوار شێروان، خاوەن نووسینگەی چاپ لە کەرکووک گوتی "رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانم  دەکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی مۆڵەتی چەک، ئەم مۆڵەتە زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی چەکیان لە ماڵەوەدا هەیە. من، پێمباشە خاوەن دووکان و ئەندازیار و ئەو کەسانەی چەکیان هەیە لە ماڵەوە، بێن و سوود لەم هەنگاوە وەربگرن و چیدیکە پێویست ناکات چەکەکانیان بشارنەوە."
 
لە ماوەی سێ مانگی ئەم ساڵدا، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەستیان بەسەر زیاتر لە 165 چەک و دەمانچەی بێ مۆڵەتدا گرتووە، پۆلیسی کەرکووک دەڵێت ''ئەم هەنگاوە بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەتە هەروەها بۆ رێگریکردنە لە تاوانی بکەر نادیار."
 
عامر نووری گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت ''هەرکەسێک چەکی لە ماڵەوە هەبێت، مۆڵەتی بە بێ بەرامبەر بۆ دەردەهێنرێت، بڕیارەکە دەمانچە و کڵاشینکۆڤ دەگرێتەوە و هاونیشتیمانی دەتوانێت بە فەرمی ئەو دوو جۆرە چەکەی لە ماڵەوەدا هەبێت و ترسی لە پشکنین و گەڕانی هێزە ئەمنییەکانیش نەبێت لەوەی دەستی بەسەردا بگرێت، لە روویەکی دیکەشەوە دەتوانێت بەرگری لە خۆی پێبکات."
 
بڕیارەکەی پۆلسی کەرکووک، ئەو چەک و دەمانچانە ناگرێتەوە، کە لە شەڕی دژی داعش هێزە عێراقییەکان، لێیان جێماوە و بەناوی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی عێراق، تۆمارکراون.