نوێنەری مانگرتووانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مانگرتووانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئێوارەی ئەمڕۆ لەکاتی تێپەڕبوونی بە بازگەیەکدا دەستگیرکرا.
رابەر ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە و یەکێک لە مانگرتووان بە رووداوی راگەیاند، "شێخ فەرهاد لە بازگەی چیمەنەوە تێپەڕیوە، لەلایەن پۆلیسی بازگەکەوە رەوانەی لێکۆڵینەوەی رۆتینی کراوە بە بیانووی ئەوەی ناوی لە کۆمپیوتەردا وەکو داواکراو هاتووە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، بۆیە دەستگیر کراوە."
بەشێک لە موڵکەکانی گەڕەکی عەرەفە لەڕێگەی دادگە و دوای سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستی بەسەردا گیرا، بەوهۆیەوە دانیشتووانی گەڕەکەکە زیاتر لە دوو مانگە خێوەتیان هەڵداوە و مانگرتنیان راگەیاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە دەرکردووە.
رابەر ئەحمەد باسی لەوە کرد، "دەستگیرکردنی کاک فەرهاد لەکاتێکدایە تەواوی دانیشتووانی ئەو 40 خانووەی ماوەیەکی زۆرە خێوەتیان هەڵداوە، فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، چونکە دادوەر لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوت بەبێ وەرگرتنی گوتەی خەڵکەکە ئەو فەرمانەی دەرکردووە."