وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: یارمەتیی ئاوارە ئێزدییەکان دەدەین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان

09-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا چووە سنووسێ و دواتر بۆ رووداو قسەی کرد
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا چووە سنووسێ و دواتر بۆ رووداو قسەی کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پاڵپشتی لە پێکهاتەی ئێزدی دەکات و یارمەتیی ئاوارەکانیش دەدات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-03-2023، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگارداربوون لە دۆخی شنگال چووە ئەو ناوچەیەی باشووری کوردستان. ئەو وەزیرە ئەڵمانییە سەرەتا سەردانی "ماڵی پێکەوەژیانی" لە ناحیەی سنوونێ کرد و دواتر چووە شاری شنگال و لەوێ ئەو وێرانییەی بە چاوی خۆی بینی کە داعش ساڵانی 2014 و 2015 بەسەر ئەو ناوچەیەدا هێنای.
 
دواتر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی گوندی کۆجۆی کرد کە لە ساڵی 2014 دا کۆمەڵکوژییەکی گەورەی کوردانی ئێزدیی تێدا کرا. 
 
بێربۆک لە گوندی کۆجۆ بە نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەبێت جیهان ببینێت کە پێش هەشت ساڵ لە شوێنێک بە ناوی شنگال کۆمەڵکوژییەکی مرۆیی روویدا. لەم شوێنەدا پیاو، ژن و منداڵەکانیان کوژران. ژن، منداڵ و کچەکان رفێندران و بێسەروشوێن کران."
 
"نەمانتوانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان ببینین و کارێک نەکەین"
 
رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوانەکانی داعشی بەرامبەر کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014دا بە جینۆساید ناساند. 
 
بێربۆک لەبارەی ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "ئێمە نەمانتوانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان ببینین و پشتگوێی بخەین. ئێمە لەگەڵ قوربانییەکان وەستاین. نامانەوێت نەوەیەکی دیکە ئەو کۆمەڵکوژییە مرۆییە لەبیربکات."
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی کە "ئێمە لێرە لەگەڵیان دەبین و هاوکاریی ئەو کەسانەش دەکەین ئاوارەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان". 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە گوندی کۆجۆ سەردانی قوتابخانەیەکی کرد کە وێنەی ئەو کوردە ئێزدییانەی لە تێدایە کە لەلایەن داعشەوە رفێندران یانیش کوژراون. بێربۆک لە نزیکەوە وێنەکانی بینی و لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان قسەی کرد. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی گۆڕستانی گوندی کۆجۆشی کرد و تاجەگوڵینەی لەسەر گۆڕی کوردانی ئێزدی کوژراوی دەستی داعش دانا. دوای ئەوە، بێربۆک لەگەڵ دانیشتووانی گوندی کۆجۆ کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێبیستی داواکارییەکانیان بوو بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و نێودەوڵەتیش کار بۆ ئەوە بکات هاوکاریی کوردانی ئێزدی بکات.
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا چ بەڵێنێکی دا؟ 
 
نەجاح سووڵتان، کوردێکی ئێزدییە کە لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە و یەكێک بوو لەوانەی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کرد و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە باوەشی بە بێربۆکدا کرد. نەجاح سوڵتان لەبارەی سەردانەکەی بێربۆک بە رووداوی گوت، "شتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە".
 
نەجاح، کە هاوژین و هاوڕێکانی لەلایەن داعشەوە کوژراون، لە بارەی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی، دەڵێت: "بۆ ئێمە زۆر قورسە بگەڕێینەوە ئەم شوێنانە و جگە لە وێنەیەکیان هیچ شتی کەسوکارەکانمان نەبینین." 
 
نەجاح سوڵتان هەروەها گوتی، "ئەڵمانیا هەست بەم برینەمان دەکات و دەزانێت هەموومان بووینەتە قوربانی و لەژێر دەستی داعش بووین. ئێستا لە ئەڵمانیا چارەسەرمان دەکەن."
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، بێربۆک بەڵێنی ئەوەی پێداون، حکومەتی ئەڵمانیا لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی کوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێت و گوتی: "بێربۆک بەڵێنیدا ئەوەی لە دەستیان بێت بۆ ئێزدییەکانی عێراق و هەر وڵاتێکی دیکە بیکەن، بە تایبەتی ئێزدییانی شنگال و گوندی کۆجۆ."
 
بێربۆک لەدوای ئەوەی سەردانی گوندی کۆجۆی کرد، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ شنگال هێنا و گەڕایەوە هەولێر.  
 
گوندی کۆجۆ، زێدی نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتییە. داعش لە ئابی 2014 هێرشیکردە سەر شنگال و نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد. بەهۆی هێرشەکەوە دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.
 
رێکخراوە پەڕگیرەکە گوندەکانی کوردانی ئێزدیی و شوێنە پیرۆزەکانیانی وێرانکرد، ئەو پیاوانەی دەستگیریکردن زۆربەیانی گوللـەباران کرد، دواتریش هەزاران ژن و منداڵی رفاند و بازارگانیی پێوە کردن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی بە جینۆساید ناوبردووە. تائێستا لانیکەم حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوەند و دەوروبەری گوندی کۆچۆ دۆزراونەتەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، داعش شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاند؛ لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون. لەوانەش، سێ هەزار و 562 کەسیان رزگارکراون و دوو هەزار و 693 رفێندراوی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی شاری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

8 کریستیان لەسەر کورسییەکەى کۆتاى دهۆک لە پەرلەمانی کوردستان رکابەری دەکەن

8 بەربژێرى کریستیان بۆ رکابەرى لەسەر تاکە کورسییەکەی کۆتاى ئەو پێکهاتەیە لە دهۆک ناوى خۆیان تۆمار کردووە. 6 بەربژێرى دیکە لەو پارێزگایە وەکو سەربەخۆ بۆ کورسیى گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.