کوردانی ئێزدی لە دهۆک داوای کورسیی کۆتا دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ناکۆکیی نێوان لایەنەکان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی، لەسەر دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک داوا دەکەن لە کاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن کورسیی تایبەت بە کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان تەرخان بکرێت.
 
شەمۆ قاسم، ئەندامی دەستەی باڵای بنکەی لالش بە رادیۆی رووداوی گوت، "لە پەرلەمانی کوردستاندا 11 کورسی وەکو کۆتا بۆ پێکهاتەکان دانراون و ئەو 11 کورسییە رۆڵی خۆیان دەگێڕن. سەرەڕای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق کورسیی تایبەت بە پێکهاتەی کوردانی ئێزدی دانراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیچ کورسییەکی تایبەتمان نییە وەکو کۆتا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیمان بکات."
 
ئەندامەکەی دەستەی باڵای بنکەی لالش ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمەی ئێزدی کوردین و شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە دەکەین، بەڵام مافی خۆمانە وەکو پێکهاتەیەکی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لە پەرلەماندا کورسیی تایبەتمان هەبێت، چونکە لە پەرلەمان وەکو دەسەڵاتی یاسادانان دەتوانین داکۆکی لە مافی هاوئایینەکانی خۆمان بکەین. کوردانی ئێزدی 14 ساڵە داوای ئەوە دەکەن یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە و مافی کوردانی ئێزدی بپارێزێت، بەڵام هیچ نەکراوە."
 
بە گوتەی شەمۆ قاسم، لە سنووری پارێزگای دهۆکدا پێکهاتەی کوردی ئێزدی نزیکەی 10%ی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە پێکدەهێنن و مافی خۆیانە کە دوو کورسییان بۆ تەرخان بکرێت وەکو کۆتا بۆئەوەی نوێنەریان بچێتە پەرلەمانی کوردستان.
 
ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پارتی و یەکێتی بە دیاریکراوی، لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی ئێستای کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا و دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا بووە.
 
ئەو ئەندامەی دەستەی باڵای بنکەی لالش ئەوەی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا هیچ شتێک بە فەرمی لەسەر تەرخانکردنی کورسی بۆ پێکهاتەی ئێزدی باس نەکراوە، بەڵام لە کاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوای کورسییەک یان دوو کورسی دەکەین لە بازنەی دهۆک بۆ پێکهاتەی ئێزدی."