رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی 24 كاژێری رابردوودا لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە 104 ملیمەتر باران باریوە. بڕی بارانبارینیش ئاستی ساڵی رابردووی تێپەڕاندووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەویش بارانبارین بەردەوام بێت و ئەگەری دروستبوونەوەی لافاویش هەیە.
كارزان لەتیف، لێپرسراوی بەشی كەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامارەكانی بارانبارین "دڵخۆشكەرن" لە شاری سلێمانی، بە جۆرێک تەنیا لە 24 كاژێری رابردوودا 104.2 ملیم باران باریوە.
كارزان لەتیف ئاشکراشی کرد، کۆی گشتی بارانبارین لەناو شاری سلێمانی بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە 454.5 ملیمەتر. ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 336.4 ملیمەتر باران لە نێو شاری سلێمانی باریبوو.
شەوی رابردوو شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ سنووری پارێزگای سلێمانی گرتەوە، بە جۆرێک لە چەند شوێنێکی شاری سلێمانی لافاو دروستبوو، هەروەها لە گوندی شێخ تەویل لە گەرمیان بەربەستێکی گلدانەوەی ئاو رووخا.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لەبارەی رەوشی کەشوهەوای ئەم بەیانییەی سلێمانی گوتی "ناوەناوە نمەباران دەبارێت و ناوەناوە دەیکات بە لێزمە، واتا بارانی بەلێزمە بەردەوام نییە".
بەهۆی لافاوی شەوی رابردووی سلێمانی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن تاوەکو کاژێر 06:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە حاڵەتی ئامادەباشیدابوون. بەرگریی شارستانی ئامارێکی دروستی لەبەردەستدا نییە لەڕووی زیانەکان چونکە وەک پەیامنێری رووداو دەڵێ "تاوەکو بەرەبەیان لە کاربوون و ئێشکگر بوون".
بەرزە پردی خاڵە شیهاب کە بە بەرزە پردەکەی فامیلی مۆڵ ناسراوە، یەکێک بوو لەو شوێنانەی لافاوی لێ دروست بوو و چەند ئۆتۆمبێلێک کەوتبوونە نێو ئاوەکە.
پەیامنێری رووداو دەڵێ "شوێنەکان نزمن و لم بەهۆی باران دێتە ناو مەنهۆڵەکان و دەگیرێن، بەهۆیەوە دەبنە لافاو. بەشێکی دیکەی هۆکاری لافاوەکە ئەوەیە وەک پارێزگاری سلێمانی باسی کرد، خەڵک دەبەی ئاو و پاکەتی جگەرە فڕێدەدەن، ئەمانەش مەنهۆڵەکان دەگرن".
شەوی رابردوو نزیکەی 30 تیمی بەرگریی شارستانی لە سلێمانی لەکار بوون و بەگوتەی پەیامنێری رووداو "لەماوەی یەک، دوو کاژێردا مەنهۆڵەکانیان پاککردووەتەوە''.
دارا حەسەن، پێشکێشکاری کەشوهەوا لە رووداو، لە قلیاسانەوە گوتی "ئەم بارانە بووەتە هۆی ئەوەی بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کێشەی بێ بارانی نەمێنێت، کێشەی کەمی باران نەماوە".
هەروەها گوتی ئەم بارانبارینە ئەمشەویش بەردەوام دەبێت و دیسانەوە ئەگەر هەیە لافاو دروست ببێتەوە.
سەبارەت بە سبەی (10-3-2023) کە هاوکات رۆژی جلوبەرگی میللیی نەتەوەییشە، دارا حەسەن دەڵێ "دەتوانن بە جلوبەرگی کوردی و نەتەوەییە بچنە هەموو شوێنێک بۆ سەیران، چونکە باران نابارێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ