سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شێخ محهممهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات، سەردانی ئەو وڵاتە دەکات. سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی هەردوولا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-3-2023 سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی بۆ ئیمارات دەستپێدەکات و سبەی هەینی، لەگەڵ محهممهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: له كۆبوونهوهيهكدا سهرۆکی ههرێمی کوردستان لهگهڵ سهرۆکی ئیمارات، پهیوهندییهکانی عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ وڵاتەکە، بوارهكانى هاريكاريى هاوبهش، دۆخى عێراق، دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكه و چهند پرسێكى جێى بايهخى ههردوولا، تاوتوێ دهكهن.
ئهحمهد ئيبراهيم سهعيد زاهرى، كۆنسوڵى گشتيى ئيمارات لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندیێکی نایابیان لەگەڵ سەرکردەکانی ئیماراتدا هەیە. بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کراوە بۆ ئەوەی سەردانی ئیمارات بکات و لەگەڵ خاوەنشکۆ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبێتەوە. ئەمەش رەنگدانەوەی بەردەوامبوون، بەهێزبوونی و فراوانبوونی پەیوەندییەکانە."
بۆ هەرێمی کوردستان، ئیمارات بووەتە دەروازەی گرنگیی بازرگانی بۆ هاوردەکردنی شمەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاوە. ئیمارات هەروەها لە دوای تورکیا، ئێران و چین بە چوارەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ساڵانە بایی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵا و شمەک لە ئیماراتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، کۆمپانیا ئیماراتییەکان بەبڕی 2.57 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کورستاندا کردووە.
کۆمپانیا ئیماراتییەکان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا رۆڵێکی گەورە دەبینن؛ کۆمپانیای وزەی نیشتمانیی ئیمارات لە کێڵگەی ئەتروش رۆژانە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. هەروەها کۆمپانیای دانەگاز رۆژانە 500 ملیۆن پێی سێجا گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدێنێت.
ئیمارات یەکێکە لە وڵاتە وەبەرهێنەرە هەرە گەورەکان لە هەرێمی کوردستان. ئهحمهد ئيبراهيم سهعيد زاهرى، كۆنسوڵى گشتيى ئيمارات لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە نزیکەی 150 کۆمپانیای ئیماراتیمان هەیە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و سوپاس بۆ خوا کارەکانیان زۆر سەرکەوتووە. گەورەترین نموونەی سەرکەوتنی وەبەرهێنانی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان، دانە گازە."
هەروەها ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئیماراتەوە توانی یەکەم بەرهەمی هەناری خۆی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.