کۆبوونەوەیەک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر- ورمێ ئەنجامدرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیارانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانی هەرێمی کوردستان و تەمەرچینی ئێران کۆبوونەوە، سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانیش دەڵێ "کۆبوونەوەکە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان پارێزگاکانی هەولێر و ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێرانە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 09-03-2022 مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، سەردانی ئیدارەی دەروازەی سنووریی تەمەرچین-مان کرد و گفتوگۆمان لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان پارێزگارەکانی هەولێر و ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ) کرد."
مەسعود باتێلی گوتی: "ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەکە بوو، ئەوانەی پەیوەستن بە هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین لەڕووی بازرگانی و گەشتیارییەوە، بۆ دانانی رێکار و میکانیزمێکی گونجاو و نەهێشتنی ئاستەنگ و کۆسپەکانی بەردەم جووڵە و جموجوڵی بازرگانی".
دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، یەکێکە لە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی نێوان عێراق (هەرێمی کوردستان) و ئێران، کە هەمان دەروازە لە دیوی ئێرانەوە ناوی (تەمەرچین)ـە.
لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیشەوە، مەسعود باتێلی گوتی: "ئێستا ئاڵوگۆڕ ئاساییە، بەڵام هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا".
رۆژی 23.2.2022، رێککەوتنێک لەنێوان پارێزگارانی ورمێ و هەولێر واژۆکرا. پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە دووهمين كۆبوونهوهى پارێزگارانى پارێزگاكانى ههولێرى ههرێمى كوردستان و ئازهربايجانى رۆژئاواى كۆمارى ئيسلامى ئێران، ههردوولا له دواى دووپاتکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنى تەواوى خاڵەکانى لێکتێگەیشتنى پێشووى هاوبەشی نێوانیان و لە بەردەوامى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى دوو لايهنه له دواى تاوتوێ و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى بيروڕا بەمەبەستى بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان، لەسەر ئەم خاڵانەى خوارەوە رێککەوتن:
1- ئاسانکارى بۆ فراوانکردنى جووڵە بازرگانییەکان بۆ پێکهێنانى کۆمپانیاى هاوبەشى گواستنەوە کە رێکارەکانى لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەش لە فەرمانگە پەیوەندارەکانى هەردوو پارێزگاکە بە زووترینکات دیراسە بکرێت.
هەروەها هەردوولا رەزامەند بوون تاوەکو پێکهێنانى کۆمپانیای هاوبەشى گواستنەوە، بەشێوەى تاقیکردنەوە بۆ ماوەى (2) مانگ سەرەڕای ئەو رێکارانەى کە پێشتر لەهەردوو سنوورى تەمەرچین-حاجى ئۆمەران گیراوەتەبەر، رۆژانە (10) بارهەڵگرى ئێرانى کە کاڵاکانیان ماوەى بەسەرچوونیان خێرایە (ميوه، سهوزه، شيرهمهنى، مريشك و گۆشت) راستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان، هەروەها (10) بارهەڵگرى هەرێمى کوردستان کاڵای هەناردەى هەرێمى کوردستان بەشێوەى راستەوخۆ بگوازێتەوە بۆ ناو شارەکانى ئێران و لەدواى (2) مانگ دووبارە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى هەردوولا دیراسە بکرێت.
2- هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕى لە پێناو فراوانکردنى بوارى گەشتیارى و هاوکارییەکانیان لەبوارى میدیایی، کردنەوەى پێشانگاى بازرگانى، پسپۆرى، ئاڵوگۆڕى بوارەکانى رۆشنبیرى، کولتوورى، گەشتیارى و وەرزشى و پەرەپێدان بەرەر پێشەوەچوونى پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆکانى هەولێر و ورمێ.
3- هەردوولا هاوڕابوون بە دامەزراندنى ناوچەى پیشەسازیی هاوبەش لەناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى رۆژئاوا لەدواى دیراسەکردنى لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى هەردوو وڵات.
4- بڕیاردرا کە کۆبوونەوەى هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتى فڕۆکەخانەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى رۆژئاوا لەنزیکترین کاتدا رێکبخرێت بە مەبەستى کاراکردنەوەى گەشتى ئاسمانى لە نێوان شارەکانى هەولێر و ورمێ.
5- هەردوولا بەڵێنیاندا بەپێدانى زانیارى پێویست لەسەر رێنماییەکانى کوالێتى کۆنتڕۆڵ بەیەکدى.
6- پشتبەستن بە ئەزموونەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەپەرەپێدان لەبوارى پیشەسازى بچووك و مامناوەند، لایەنى ئێرانى ئامادەی خۆیان دەربڕى بەدەستپێکردن و دانانى کارگەکانى پیشەسازى گۆڕینى خۆراك، لەقوتوونان، شەربەتى میوە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەڕێگەى بەشداریکردنى کەرتى تایبەت بەپێى رێنماییەکانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەپێى پێداویستییەکانى هەرێم لەم بوارانەوە.
7- بڕیاردرا کۆبوونەوەکانى دوولایەنە بەشێوەى مانگانە لەنێوان بەرپرسانى دەروازەى سنوورى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین ئەنجامبدرێت بەمەبەستى دیراسە و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان، لەپێناو زیادکردن و خێراکردنى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى لەنێوان هەردوو دەروازە.
8- هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنى هاوکارییەکانى هاوبەشى کەرتى تایبەت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕى زانیارى لەبوارەکانى پێداویستییەکان و کەمکردنەوە (مناقصات) و توانا هونەرییەکان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا بەهەردوو زمان ئامادەبکرێت و لەڕێگەى لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاڵوگۆڕ بکرێت.
9- هەرێمى کوردستان بەدواداچوون لاى حکومەتى فیدڕاڵیی عێراق بکات سەبارەت بە پێشنیازى لایەنى ئێرانى لەسەر ترانزێتى کاڵا بۆ وڵاتى سێیەم.
10- هەردوولا رێککەوتن لەسەر گەشتکردنى گەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لە دەروازەکانى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین لەڕێگەى کۆمپانیاکانى گەشتیارى هەردوو وڵات بەپێى رێکار و رێنماییەکانى بەرکارى هەردوو وڵات.
11- هەردوولا رێککەوتن کاروبارى بازرگانى و گەشتیارى لەدەروازەکانى تەمەرچین - حاجی ئۆمەران بەشێوەى (24) کاژمێری بێت، هەروەها لایەنى ئێرانى پابەندبوونى خۆیان نیشاندا بەپێدانى تابلۆ (پلاك) بە ئۆتۆمبێلەکانى گەشتیارى هەرێمى کوردستان لەناو دەروازەى تەمەرچیندا.
12- هەردولا رێککەوتن لەسەر کردنەوەى دەرگەى سێیەم لە ناو هەردوو دەروازەى سنوورى حاجى ئۆمەران- تەمەرچین، لەپێناو خێراکردنى جوڵەى بازرگانى و ئاسانکارى هەناردەکردنى کاڵاکانى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ماوەى (1) مانگدا.
13- هەردوولا رێککەوتن لەپێناو ئاسانکارى بۆ هاتووچۆكردنى ئۆتۆمبێلهكانى گەشتیارى ههرێمى كوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەلایەن لایەنى پەیوەندیدارى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئهم بابهتانهى خوارهوه ديراسه بكرێت:
أ- تابلۆى نێودەوڵەتى ههردوو وڵاتى ئێران و عێراق.
ب- پێدانى بریکاردارى ئۆتۆمبێل (وکالة السيارة) لهلايهن هاووڵاتیيانى ههرێمى كوردستان و عێراق بۆ هاووڵاتيیانى ههرێمى كوردستان و عێراق دهدرێت و به پێچهوانهشهوه پێدانى بريكاردارى له لايهن هاوڵاتيانى ئێرانى بۆ هاوڵاتيانى ئێرانى دهدرێت.
ج- دەفتەرى رێگەپێدانى هاتووچۆى گومرگهكانى ههرێمى كوردستان.
د- مۆڵەتى لێخوڕينى نێودەوڵەتى ههرێمى كوردستان و ئێران.
14- هەردوولا رێککەوتن هەموو ئەو کاڵایانەى کە بەشێوەى ترانزێت لە ئێرانەوە لەدەروازەکانى دیکەی هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێت، بەهەمانشێوە لەدەروازەى حاجى ئۆمەرانیشەوە رێگەیان پێبدرێت هاوردەبکرێت.
15- هەردوولا رێککەوتن راستاندنى (تصدیق) گرێبەستەکانى نێوان کۆمپانیاکانى گواستنەوەى گەشتیارى لە لایەن هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئەنجامبدرێت.
16- ئەم رێککەوتنە بەدوو زمانى کوردى و فارسى کە لە (16) خاڵ پێکهاتووە، لەلایەن هەردوو پارێزگارەوە واژۆ کرا.
جگە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، سێ دەروازەی نێودەوڵەتی، حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەیە. هەروەها چەند دەروازەیەکی نیمچەفەرمی و لاوەکیش هەن.