وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ پێدانی پارە بە هەژاران


رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و بەهاوکاریی حکومەتی هۆڵەندا کاردەکەن بۆ ئەوەی بڕە پارەیەکی مانگانە بۆ خێزانە هەژارەکان و ئاوارە و پەنابەران بدرێت و سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکرێت و 3200 خێزان سوودمەنددەبن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی ئاداری 2022، زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"ماوەیەکە ئامادەکاری بۆ ئەو پڕۆژەیە دەکەین و هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرەتا لە پارێزگای دهۆک وەکو تێست جێبەجێ دەکرێت و 3200 خێزان سوودمەند دەبن، هێشتا بڕی پارەکە دیارنییە، بەڵام ژمارەیەک پێوەر بۆ ئەو خێزانانە دیاری دەکرێت کە لە بڕە پارەکە سوودمەند دەبن، ئەو بڕە پارەیەی دەدرێت بۆ یەک جار و یەک مانگ نابێت، بەڵکو بەبەردەوامی دەدرێت و کەی تەواو بوو جێبەجێ دەکرێت".
 
زەکیە سەید ساڵح گوتیشی، "ئەو خێزانانەی دەیانگرێتەوە هەژارن و رێژەی 80٪ی خێزانەکان ئەوانە دەبن کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن، رێژەی 20٪ی خێزانەکانیش ئەوانەن کە ئاوارە و پەنابەرن".
 
بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی رێژەی هەژارییەوە لە هەرێمی دەڵێت، وەزارەتەکەی ئاماری وردی لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەشڵێت، "رێژەکە نزیکەی 8٪ دەبێت"، سەبارەت بەو بڕە پارەی دەدرێتە ئەو خێزانانە گوتی، "پێشتر لە تۆڕی پاراستنی خێزان بڕی 150 بۆ 250 هەزار دینار بەپێی منداڵ و پێویستی تەرخانکرابوو، بەڵام هێشتا بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو خێزانانە لەو پڕۆژەیە دیار نییە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد لەگەڵ ئەو پێوەرانەی بۆ ئەو خێزانانە دەستنیشاندەکرێت کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆیان بۆ ئەوەی "هەژاری نەبێتە پیشە".
 
پێش ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر خێزان لە پڕۆژەی تۆڕی پاراستنی خێزان مووچە یان بڕە پارەیەکیان وەردەگرت و تایبەت بوو بەو خێزانانەی هەژارن، بەڵام دواتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەیەک راگیرا و دواتر ژمارەیەک کەسی تێدا دەرهێنرا لەوانەی بەپێی حکومەت "ناشایستەبوون"، بەڵام ئێستا بەشێک لە خێزانەکان ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن.
 
بریکاری وەزیری کار دەڵێت، "ئەو خێزانانەی پارەی چاودێریی خێزان وەردەگرن 81 هەزار کەس دەبن کە خێزانە هەژارەکانن، جگە لەوەش 70 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتیش مووچە وەردەگرن کە 13 هەزار لەوانە فەرمانبەری حکومەتیشن".
 
سەبارەت بەو چاکسازییانەی لەو تۆڕەدا دەکرێت، زەکیە سەید ساڵح باسی لەوەکرد، لەگەڵ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ژمارەیەک وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی سیستەمێکن بۆ چاکسازیکردن تێیدا، لەوبارەیەوە دەڵێت، "رەشنووسی یاسایەکمان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ئاژانسەکان خەریکی ئامادەکردنی سیستەمێکی ئەلیکترۆنیین بە رێنماییەکانی وەزارەت بۆ رێکخستنەوەی ئەو تۆڕە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردن و جیاکردنەوە و پۆڵێنکردنی ئەو خێزانانە و کەمدەرامەتەکان و هەژاران و بۆ ئەوەش ژمارەیەک پێوەر دانراوە و تا ئەو کاتەی یاساکە ئامادە دەبێت و پەسەند دەکرێت ئێمە کار لەسەر ئەو سیستەمە دەکەین کە ژمارەیەک وەزارەت و دەستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە".
 
زەکیە سەید ساڵح گوتیشی، "تۆڕەکە هەژارانی تێدا دەبێت لەگەڵ ئەو ژنانەی سەرپەرشتیی خێزانەکان دەکەن و ئەوانەی بەتەنیا دەژین و ئەو منداڵانەی جێماون و کۆمەڵێک توێژی دیکە".