لە دهۆک دوو فێستیڤاڵ بەیەكەوە سازدەكرێن

رووداو- دهۆك

لە شاری دهۆك رۆژی چوارشەممە 9-3-2016، فێستیڤاڵێكی هونەری و فێستیڤاڵێكی پزیشكی بەیەكەوە سازدەكرێن. هاوكات خولێكی فۆتۆگرافی بۆ 92 فۆتۆگرافەر و هونەرمەند دەكرێتەوە و شەش مانگ بەردەوام دەبێت.

سلێمان ئالیخان، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، فێستیڤاڵی فۆلکلۆری کوردی لە دهۆک بۆ دووەم ساڵە لەلایەن پەیمانگەی گارە سازدەكرێت و بڕیاریشە پەیمانگەکە فێشتیڤاڵەکە بکاتە نەریتێکی ساڵانە. 

خوێندكاران و هاونیشتمانیان بە جلی كوردی بەشداری فێستیڤاڵەكە دەكەن و شایی و هەڵپەڕكێی كوردی دەكەن، هەروەها خواردنی كوردیش ئامادەدەکرێت.

لەپاڵ کاری هونەری و فۆلکلۆری، ئەمڕۆ فێستیڤاڵێكی پزیشکیش لە دهۆك بە بەشداری 5 کۆلێژی پزیشکی سازدەكرێت و، چەندین كەلوپەلی پزیشكی نمایش دەكرێن و توانا پزیشكییەكانیش دەخرێنەڕوو.

هەروەها خولێکی هونەری فۆتۆگەلەری بۆ 92 هونەرمەند لە تەواوی شار و ناوچەكانی باشووری كوردستان دەکرێتەوە و ماوەی 6 مانگ بەردەوام دەبێت.