رووداو دیجیتاڵ
بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی لە دابەزین تۆمارکرد و 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 9 ملیۆن.
دوێنێ شەممە، بەهای تمەن بەشێوەی حەواڵە 9 ملیۆن بەرامبەر 100 دۆلارە بوو، بەڵام ئەمڕۆ تمەن زیاتر دابەزی و 100 دۆلار بە 9 ملیۆن و 600 هەزار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتەسەر ئێران و دوای گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ کە گوتی 'نەوت و گاز لە ئێران ناکڕین'، ئەمڕۆ تمەن گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی.
بە گوتەی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو، "ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 9 ملیۆن و 600 هەزار مامەڵەی پێوەدەکرا."
گەڕاندنەوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ترەمپ بۆ سەر ئێران، دووبارە بازاڕی دراوی ئەو وڵاتەی شڵەژاندووە. رۆژ دوای رۆژ، تمەن بەهای زیاتری لەدەست دەدات.
شەوی سێشەممەی هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی سەرۆکایەتی واژۆکرد بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەتی زۆرترین گوشار لەسەر ئێران، کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی، ئەو وڵاتە داهاتی هەناردەکردنی رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت، لەدەستبدات.
دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار لە ساڵی 2018ـەوە زۆر خێراتر بووە، ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران پاشگەز بووەوە.
لە ساڵی 2018دا یەک دۆلار بە نزیکەی سێ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ