رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، پارتی و یەکێتی بەجیا گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندی باڵای هەردوولا کۆدەبنەوە.
لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنرا بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت. دوای پێنج کۆبوونەوە، 4ـی ئەم مانگە، لیژنەکانی پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، دوایین کۆبوونەوەیان کردووە و "لێكگهيشتنى هاوبهش و رێككهوتنى سهرهتايى لهسهر زۆربهى تهوهرهكان هاتووهته ئاراوه".
رۆژی یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا هەر یەکە لە پارتی و یەکێتی بەجیا گفتوگۆ دەکەن لەبارەی ئەو رەشنووسەی لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوولا پێکهێندرا."
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح بوو. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیم بوو.
بە گوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، "لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای تەواوبوونی گفتوگۆ لەسەر رەشنووسەکە، شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە."
کارە تەکنیکییەکانی رەشنووسەکە تەواو کراون. گوتەبێژی یەکێتی گوتی، "رەشنووسەکە هێنراوە بۆ مەکتەبی سیاسی بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت."
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ