لە عەفرین چوار کەس دەستگیر دەکرێن و ژنێکیش بەرامبەر بە 2000 دۆلار ئازاد دەکرێت

09-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندەواری شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، پۆلیسی سەربازی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا "کە سەر بە تورکیایە"، چوار هاونیشتمانی بە پاساوی "پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر" دەستبەسەر دەکەن. هەروەها گرووپێکی چەکدار لە عەفرین ژنێک بەرامبەر 2000 دۆلار ئازاد دەکەن.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، هاونیشتمانییەک لە گوندی قزلباشی سەر بە شارۆچکەی بلبلی عەفرین، لەلایەن پۆلیسی سەربازی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە کە سەر بە تورکیایە، بە پاساوی "پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستبەسەر" کراوە. هەروەها لە گوندی ترندێی سەر بە شاری عەفرین، سێ هاونیشتمانی بە هەمان پاساو دەستگیرکراون.
 
لەلایەکی دیکەوە، ژنێکی کوردی دانیشتووی گوندی متنلێی سەر بە شارۆچکەی شەرای عەفرین، کە ئەویش بە هەمان پاساو دەستگیرکرابوو، لە بەرامبەر دوو هەزار دۆلار ئازاد کراوە.
 
رۆژی 6ـی شوباتی 2024، چەکدارانی گرووپی سوڵتان سلێمان شاهـ کە بە عەمشات ناسراوە، دوو خوشکی نیڤشکانیان لە گوندی قرزێحلی سەر بە شارۆچکەی شێراوەی عەفرین دەستبەسەر کرد و رادەستی هەواڵگریی تورکیایان کرد، تائێستا چارەنووسی ئەو دوو خوشکە دیار نییە.
 
هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە 18ی ئازاری 2018ـەوە لەژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادایە.
 
ساڵی 2018، سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیک لەم وڵاتە هێرشیان کردە سەر هەرێمی عەفرین، کە ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بوو و دوای شەڕێکی دوو مانگە، داگیریان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە