لە ئێلهی باکووری کوردستان 8 رۆژ خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا

09-02-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای ئێلهی باکووری کوردستان هەشت رۆژ خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا. ئەمەش دوای ئەوەی دەم پارتی رایگەیاند، بەنیازی رێپێوانە.
 
پارێزگای ئێلهـ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە 09 شوباتی 2024 تاوەکو 16ـی شوباتی 2024 لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی ئێلهـ هەموو جۆرە گردبوونه‌وه‌، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، هه‌ڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە قه‌ده‌خەیە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، بەمەبەستی "پاراستنی ماڵ و گیانی هاووڵاتییان، رێگریکردن لە هێرش، لەناوبردنی رێکخراوی تیرۆر و دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی" ئەو بڕیارە دراوە و جەخت کراوەتەوە، لەو وادەیەدا رێگە بە هیچ کار و چالاکییەکی بێ مۆڵەت نادرێت تەنیا ئەو چالاکییانە نەبێت، کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێ.
 
لە سەرەتای مانگی شوباتەوە قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان راگەیێندراوە.
 
ئەمەش دوای ئەوە هات تولای حاتمئۆغوڵڵاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی رۆژی چوارشەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاند، بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە 01 ـی شوباتدا دەست بە رێپێوان دەکەن و رێپێوانەکەشیان تاوەکو 15ـی شوبات بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە