لە پارێزگای سنە سێ هاونیشتمانی دەستبەسەرکران

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هاونیشتمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. هەروەها ژنێکی کوردیش بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی کە لە پێشووتردا درابوو، دەستبەسەر کرا.
 
دوو هاونیشتمانیی کورد بە ناوەکانی زوبێر حوسێن پەناهی تەمەن 32 ساڵ و عەباس حوسێن پەناهی خەڵکی گوندی قوروچیای سەر بە شاری دێولان، رۆژی چوارشەممە، 7ـی شوباتی 2024، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و گوازرانەتەوە شوێنێکی نادیار.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێیەکان، ئەو دوو کەسە دوای ئامادەبوونیان لە ماڵی دایک و بابی محەممەد فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە 29ـی کانوونی دووەمی 2024، لەگەڵ سێ بەندکراوی سیاسیی دیکەی کورد لەسێدارەدران، دەستبەسەر کراون.
 
تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سنە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو دوو هاونیشتیمانییە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، ژیلا هۆژەبەری، دانیشتووی مەریوان، کە پێشتر لەلایەن دادگەی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە گشتی سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەشی ژنانی گرتووخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
 
ژیلا هۆژەبەری هاوینی ساڵی رابڕدوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەرکرابوو، دوای گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی ناوەندیی سنە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگەییکردنەکەی ئازادکرا.
 
ئەو هاونیشتیمانییە زستانی ساڵی رابڕدوو لەلایەن هۆبەی 101ی دادگای شۆڕشی بۆکانەوە دادگەییکرا و بەتۆمەتی "هاوکاری و ئەندامیێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) "، سزای 5 ساڵ زیندانیکردن، بەتۆمەتی "پروپاگەندە لە دژی حکومەت" سزای 1 ساڵ زیندانیکردن و بەتۆمەتی "نافەرمانی لە هێزەکانی حکومەت" سزای 1 ساڵ زیندانیکردن بەسەردا سەپێندرا، کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان لە ئێران، قورسترین سزا واتە 5 ساڵ زیندانیکردن بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت.
 
دوای پابەندبوون بە بڕیاری دادوەر، سزای ژیلا بۆ 3 ساڵ و 8 مانگ زیندانی کەم کرایەوە.