کوردانی سوێد داوای راگرتنی بڕیاری داخستنی بەشی کوردی لە رادیۆی وڵاتەکە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک چالاکڤانی کوردی دانیشووی سوێد لەڕێگەی هەڵمەتێکەوە داوا لە بەرپرسانی رادیۆی سوێدن دەکەن لە بڕیارەکەیان بۆ داخستنی بەشی کوردی رادیۆکە، پاشگەز ببنەوە.
 
شوان جوانمێری، یەکێک لەو چالاکڤانانەیە کە هاوکات لەگەڵ سێ چالاکڤانی دیکەی هاوڕێی هەڵمەتەکەیان راگەیاندووە و دەڵێت، "ئێمە وەکو ناڕەزایەتییەک پەیامی خۆمان بۆ بەرپرسانی رادیۆکە ناردووە و ئێستاش لەڕێگەی کەمپینێکەوە داواکارییمان ئامادەکردووە و ئومێد دەکەین بە واژۆکردن و بەشداربوون هەڵمەتەکە خەڵک پشتیوان بێت، چونکە بە ئیمەیڵ ئەو داواکارییانە بۆ بەرپرسانی رادیۆکە دەچێت."
 
ئەو هەڵمەتە بە ناونیشانی"بەشی کوردیی رادیۆ سوید دامەخەن!"ـە و نامەکە بۆ "سەرکردایەتی و بڕیاردەرانی رادیۆی سوێد" لەڕێگەی ئیمێڵەوە دەچێت و کوردان دەتوانن هاوکار بن.
 
لە داواکارییەکەدا هاتووە، "بەشی کوردیی رادیۆ سوێد رۆڵێکی فرە گرینگی لە خۆگونجاندن و تێکەڵاوکردنی کەسانی تازە هاتووی کورد زمان هەبووە، ئیزن بدەن بەشی کوردیی بمێنێتەوە.‎"
 
لە پەیامەکەدا باسی گرنگی ئەو بەشە بۆ کوردانی سوێد کراوە و باس لەوە کراوە کە "ئێمە پێمانوایە رادیۆی کوردی رۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ کۆمەڵگای سوێد و کوردانی دانیشتووی سوێد وەک تاکە دامەزراوەی کوردی کە سەربەخۆیە و پشت بە داهاتی گشتی دەبەستێت."
 
بۆ واژۆکردن ئەو چالاکوانانە پەیامەکەیان لەم وێبسایتە بڵاوکردووەتەوە کە هەموو کەسێک لە هەر وڵاتێک بێت دەتوانێت واژۆ بکات بۆ پشتگیری لە راگرتنی بڕیاری داخستنی بەشی کوردیی رادیۆکە:
 
- https://kurd.one/blog/petition/lagg-inte-ner-den-kurdiska-redaktionen/
 
کۆتایی مانگی رابردوو بەشی کوردیی رادیۆی سوێد رایگەیاند، بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کورتهێنانی بودجە، بەرپرسانی رادیۆکە بڕیاری داخستنی بەشەکەیان داوە.
 
رادیۆکە بە شێوەزارەکانی "سۆرانی، کرمانجی" هەواڵ و بەرنامەکانی پەخش و بڵاودەکاتەوە، چوار کارمەندی هەمیشەیی و ژمارەیەک هاوکاری هەیە، کە کۆی گشتی کارمەندانی دەگاتە 8 کەس.
 
رادیۆی سوێد بە 14 زمان هەواڵ و بەرنامەکانی پەخش دەکات، لەوانە ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، رووسی، سۆماڵی، رۆمانی، کوردی (سۆرانی و کرمانجی).
 
بەشی کوردی رادیۆی سوێد، کە لە ساڵی 2001ـەوە هەیە، بڕیارە لە 31-3-2024 رابگیرێت.