رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگەی چەمچەماڵ - سەنگاو، 13 کەس برینداربوون و کەسێکیان برینەکەی سەختە.
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا کە دوو ئۆتۆمبێل پێکیانداداوە، 13 کەس برینداربوون و گەیێندراونەتەوە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ.
سەبارەت بە بە رەوشی بریندارەکان، شەریف رەحیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بریندارەکان "یەک دانەیان برینەکەی سەخت بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە گەرنا ئەوانی دیکە تەندروستییان جێگیرە و برینەکەیان سووکە."
ئەوانەی برینداربوون، پێنج ژن و چوار منداڵ و چوار پیاو بوون.
ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی پێکیانداداوە، یەکێکیان لە جۆری ئۆتۆمبێلی تایبەتی بچووک بووە و ئەوی دیکەیان پیکئاب بووە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا؛ 2 هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بوون. لە کۆی رووداوەکانیشدا 445 کەس گیانیان لەدەستدا کە لەو ژمارەیە 78یان ئافرەت بوون؛ هەروەها 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ