لە کەرکووک زەوی بەسەر نزیکەی 2000 فەرمانبەری تەندروستیدا دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ناوی هەزار و 838 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی کەرکووکی بڵاوکردەوە، کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ شارەوانی رەوانە کراوە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووکیش دەڵێت ئەوەی بڵاوکراوەتەوە بەشی یەکەمی ناوەکانە و هی دیکەی بەدوادا دێت.
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ناوی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی کەرکووکی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوی وەربگرن، ناوەکان بەپێی ناوەندی کەرکووک، قەزاکانی حەویجە، دووبز، داقوق، تازە، دابەشکراون، قەزای حەویجە لەنێو قەزاکانی دیکە زۆرترین فەرمانبەری ناویان هاتووەتەوە.
 
بەپێی وەزارەتی تەندروستی، ئەو فەرمانبەرانە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 31ـی ساڵی 2020 و نووسراوەکانی ژمارە 4263ـی ساڵی 2013 و 854ـی ساڵی 2020 زەوییان پێدراوە.
 
سامانە یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 21 هەزار فەرمانبەری تەندروستی هەن، بەشێکیان ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، لە ئایندەدا ناوی فەرمانبەری دیکەش دەگەڕێتەوە."
 
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتیشی: "دابەشکردنی زەوی بەپێی سیستمێکە وەزارەتی تەندروستی دیاریکردووە و بەپێی خاڵ و ساڵانی خزمەت و چەند بابەتێکی دیکە دەبێت."
 
بەپێی قەزاکان ئەو فەرمانبەرانەی ناویان دەرچووە، بەمشێوەیەیە: 526 فەرمانبەری تەندروستی ناوەندیی کەرکووک، 452 فەرمانبەر لە حەویجە، 69 فەرمانبەر لە دووبز، 68 فەرمانبەر لە تازە و 270 فەرمانبەر لە داقوق، کە کۆی گشتیان دەکاتە 1385 فەرمانبەر.
 
ناوی ئەو کەسانەی بڕیارە زەوییان پێبدرێت لەم لینکەدا بڵاوکراوەتەوە.