کۆمیتەی بێسەروشوێنبووەکان لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەکار دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیتەی بێسەروشوێنبووەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە پار لەلایەن بەڕێوەبەڕایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە دامەزراوە، رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو کارەکانی دەستپێدەکات و هاووڵاتییان دەتوانن لەبارەی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن، سەردانی ناوەندەکانی ئەو کۆمیتەیە بکەن.
 
بەپێی زانیارییەکان، لە رۆژی شەممە، 10ـی شوباتی 2024ـەوە، لقەکانی قامیشلۆ و حەسەکەی ئەو کۆمیتەیە کارەکانیان دەستپێدەکەن و لە هەفتەیەکدا لە رۆژانی شەممە و سێشەممە لە کاژێر 10:00 تاوەکو 14:00ی دوانیوەرۆ هاووڵاتییان دەتوانن سەردانیان بکەن.
 
خالد عومەر، گوتەبێژی کۆمیتەی بێسەروشوێنبووەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، لە لقەکانی ئەو کۆمیتەیە لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە پێشوازی لەو خەڵکانە دەکرێت کە سەبارەت بە کەسانی بێسەروشوێن سەردانیان دەکەن و لەسەر ئەو کەسانە زانیارییان پێشکێش دەکەن.
 
بە گوتەی خالد عومەر، لقەکانی کۆمیتەکە لە شارەکانی کۆبانی، رەققە، دێرەزوور، منبج، عەفرین و شەهباش لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکانیان دەستپێدەکەن.
 
دەشڵێت، کۆمیتەی بێسەروشوێنبووەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دامەزراوەیەکی نوێیە کە رۆژی 29ـی تەباخی 2023، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دامەزراوە، سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە.
 
بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریا و دۆخی ئاڵۆزیی ناوچەکە، لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ژمارەیەک کەس بێسەروشوێنن و خێزانەکانیان هێشتا سۆراخیان دەکەن و داوای یارمەتی و روونکردنەوە لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکەن.