فەرەنسا 12 ملیۆن یۆرۆ هاریکاریی مرۆیی دەگەیێنێتە رۆژئاوای کوردستان و سووریا

09-02-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرەنسا بەڵێنی ناردنی 12 ملیۆن یۆرۆ بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەدات. گوژمەی هاریکارییەکە نادرێتە حکومەتی سووریا و بەسەر رێکخراوە ناحکومەییەکاندا دابەشدەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9-2-2022، فرانکۆس دێلماس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، حکومەتەکەیان 12 ملیۆن یۆرۆ بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەنێرێت. باسی لەوەشکرد، "هاریکارییەکە بەسەر رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە تەواوی ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەشدەکرێت."
 
دوای نزیکەی 12 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ و گرژییەکانی سووریا، ئێستا سووریا بەسەر سێ ناوچەدا دابەشبوون کە بەشێکیان لەلایەن حکومەتی سووریاوە بەڕێوەدەبرێت و هەندێک لە ناوچەکانیش لە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکانی نزیکی تورکیادان. ئەو بەشەش کە دەمێنێتەوە بەشی زۆری رۆژئاوای کوردستانە کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی خۆسەرەوە بەڕێوەدەبرێت.
 
بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی شارۆچکەی مەرەشی باکووری کوردستان کە گوڕەکەی 7.7 پلەی رێختەر بوو، کاریگەری لەسەر ئەو ناوچانەی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش دروستکردووە.
 
زۆربەی قوربانییانی بوومەلەرزەکە لە پارێزگای ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریایە کە ئێستا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیکی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت. رێکخراوە ناحکومییەکان باس لەوە دەکەن، ناتوانن هاریکاریی لە رێگەی دەروازەی بابلهەوای تورکیاوە بگەیێننە ئەو ناوچانە.
 
بە گوێرەی فراکنۆس دێلماس، 5 ملیۆنی هاریکارییەکەی فەرەنسا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێردرێت تاوەکو بیگەیێننە باکووری رۆژئاوای سووریا.
 
پێنج ملیۆنی دیکەی هاریکارییەکە بۆ رێکخراوە ناحکومییە فەرەنسی و نێودەوڵەتییەکان دابین دەکرێت کە لە وەڵامدانەوەی خێرای تەندروستی، شێڵتەرەکان و دابینکاری ئاودا کاردەکەن.
 
ئەو دوو ملیۆن دۆلارەش کە دەمێنێتەوە بۆ دابینکردنی خێرای خۆراک بۆ قوربانی و زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە تەرخاندەکرێت.
 
وڵاتانی رۆژئاوا باس لەوەدەکەن، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا هەوڵیداوە لە رێگەی داواکردنی هاریکارییەوە بۆ قوربانییانی رووداوە سرووشتییەکە تێڕوانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە حکومەتەکەی بگۆڕێت. فەرەنسا ئەوە دووپاتدەکاتەوە، هیچ کام لەو هاریکارییانە نادرێتە دەستی حکومەتی سووریا.
 
دێلماس جەختی لەوە کردەوە، فەرەنسا پابەندە بەو سزایانەوە کە بەسەر حکومەتی سووریادا سەپێنراون و سیاسەتی ئەو وڵاتەش لەگەڵ "رژێمی بەشار ئەسەد" هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت و وەکو خۆی دەمێنێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنی کارگە کۆنکرێتییەکە؛ وێنە: رووداو

چوار ساڵە دانیشتووانی گەڕەکێکی هەڵەبجە داوای گواستنەوەی کارگەیەک دەکەن

کارگەی کۆنکرێتی ئامادەکراو لە هەڵەبجە شەو و رۆژ خۆڵی چیمەنتۆ بەسەر دانیشتووانی گەڕەکی ئەندازیاران بڵاودەکاتەوە. دانیشتووانی گەڕەکەکە چوار ساڵە داوای گواستنەوەی دەکەن.