یەکێتیی مامۆستایان: کێشەی وانەبێژان چارەسەر نەکرێت، چاوەڕێی پەروەردەیەکی باش مەبن

09-02-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان وانەبێژان داوا دەکەن دابمەزرێنرێن و بەو هۆیەشەوە ناوەناوە خۆپێشاندان دەکەن. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت، ئەگەر کێشەی وانەبێژان چارەسەر نەکرێت، چاوەڕێی پەروەردەیەکی باش مەبن.
 
رۆژی سێشەممە 2022/02/08 بەشێکی وانەبێژان لە سلێمانی گردبوونەوە و داوایان کرد شایستە داراییەکانیان لە کاتی خۆیدا بدرێتێ و داشبمەزرێندرێن، چونکە کەرتی پەروەردە پێویستی پێیانە.
 
عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە دوو جار لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی کۆبووینەتەوە و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت کێشەی وانەبێژان تەواو ببێت، بە دامەزراندن بێت یان بە گرێبەست. ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکرێت، چاوەڕێی پەروەردەیەکی باش مەبن."
 
لە هەرێمی کوردستان ژمارەی وانەبێژان زیاتر لە 22 هەزار کەسە. ئەوان گلەیی ئەوە دەکەن کە هەمان ئەرکی مامۆستایانی میلاکیان لەسەرە، بەڵام مافەکانی ئەوانیان نییە.
 
محەممەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە رادیۆی رووداوی گوت: "حکومەت ئەو پارەیەی بە وانەبێژانی دەدات ناوی ناوە خەرجییە نەک مووچە کە ئەوەش جۆرێک لە گاڵتەکردنە بە ماندووبوونی وانەبێژان. کێشەی سەرەکیی ئێمە دامەزراندنە و مافی رەوای خۆمانە."
 
وانەبێژان ژمارەیەکی زۆری مامۆستایانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن. بەگوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان قوتابخانە هەیە لە 10 مامۆستای هەشتیان وانەبێژن.
 
موسلیم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد: "وانەبێژان نزیکەی 20٪ـی مامۆستایانی پەروەردە پێکدەهێنن و ئەگەر بایکۆت بکەن پرۆسەی خوێندن پەکی دەکەوێت. ئەم وانەبێژانە تێیاندایە دەمێکە شایەنی ئەوەیە دابمەزرێت."
 
موسلیم عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، هیچ مانگێک نەبووە وانەبێژان لە کاتی خۆیدا پارەیان بدرێتێ، زۆر جار لیستی ناوەکانیان بۆ وەزارەت درەنگ بەرز دەکرێتەوە و جاریش هەیە لە بانکەکان کێشەیان بۆ دروست دەبێت و دەڵێن پارە نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە