بێگەرد تاڵەبانی: وەزیری کشتوکاڵی عێراق لێکگەیشتنی باشی هەیە بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

09-02-2020
رووداو @Rudawkurdish
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەمال عادلی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەمال عادلی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق
نیشانەکردن کشتوکاڵ
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ هەردوو وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کۆبووەوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە وەزیری کشتوکاڵی عێراق لێکگەیشتنی باشی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە هەریەک لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا پێکدێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 9-2-2020 لە بەغدا لەگەڵ ساڵح حوسنی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوە و پشکی گەنمی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
 
 
دوای کۆبوونەوەکەش بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەوڵدەدەن عێراق گەنمی جووتیاران بەپێی رووبەری داچێنراو وەربگرێت بۆئەوەی هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەربگرێت.
 
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان دوو وەزارەتەکە پێکهێناوە و گوتیشی "وەزیری کشتوکاڵی عێراق لێکگەیشتنی باشی هەیە بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
 
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. جەمال عادلی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کۆبوونەوە، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند "لەمیانی کۆبوونەوەکەماندا باسمان لە گرنگیی ئاو کرد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، باسیشمان لەوە کرد کە پێویستە پەرە بە دروستکردنی بەنداو بدرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی بتوانین ئاسایش ئاوی خۆمان و سەرچاوە ئاوییەکانی خۆمان بپارێزین".

 

 
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "بێگومان لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان هەمانە، هەماهەنگیمان هەبووە و زۆر سوپاسیشیان دەکەین، بۆ ئایندەش بڕیارماندا بەیەکەوە ئەو هەماهەنگییە زیادبکەین، ئەوەی پێویستیش بێت لەنێوان هەردوولادا، بەدڵنیاییەوە درێخی لێ ناکەین، کۆبوونەوەکەشمان کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو".
 
بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو کە پرۆپۆزەڵی پێنج بەنداوی گەورەیان لە کوردستان ئاراستەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کردووە و "لە رێگەی پەرلەمانتارەکانی خۆمان لە بەغدا چاودێریی دەکەین".
 
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: هەرێمی کوردستان لە پێویستییەکان بێبەشناکەین
 
بەپێی راگەیێنراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ساڵح حوسێنی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و خالید شوانی، وەزیری هەرێم (بۆ کاروباری بەغدا) و ژمارەیەک بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بە‌غدا کۆبووەوە، گفتوگۆیان لەبارەی هاوکاریی کشتوکاڵی، شایستەی جووتیاران، ژمارەیەک دۆسیەی دیکەوە کردووە کە بە پلانی ستراتیژییەوە پەیوەستن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کشتوکاڵی عێراق جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتەکەی لەگەڵ داواکارییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستانە، کاردەکەن بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی جووتیاران و پێدانی شایستەداراییەکانیان. 
 
هاوکات وەزیری کشتوکاڵی عێراق داوای کرد، لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هاوردەکردنی پەلەوەر نەدرێت بۆ ئەوەی ئەوە دەستەبەر بکرێت کە ئەو بەرهەمانە نەیەنە هیچ پارێزگایەکی دیکە.
 
ساڵح حوسێنی ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەی دەستی هاوکاری بۆ جووتیاران درێژ دەکات، کاریش بە جێبەجێکردنی رۆژنامەی کشتوکاڵی دەکات، دژی هاوردەکردنی هەندێک بەروبووم نییە کە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، هەروەها وەزارەت تەواو رێوشوێنەکانی گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەر پەتا و ڤایرۆسێک کە هۆکارەکەی هاوردەکردنی بەربوومەکانی دەرەوەی وڵات بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کچێکی ئێزدی

حکومەتی عێراق مووچەی بۆ زیاتر لە 2000 ئافرەتی کوردی ئێزدی رزگاربوو بڕیوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، 2155 کچ و ژنی ئێزدی مووچەی مانگانەیان بۆ بڕاوەتەوە و 262 پارچە زەویشیان بەسەردا دابەشکراوە.