بازرگانێكی کورد لە چین گەڕاوەتەوە و دەڵێت: بۆ چاودێری براومەتە خانوویەکی پیس و خراپ


رووداو - هەولێر
 
بازرگانێكی کورد لە وڵاتی چین گەڕاوەتەوە و رایگەیاند، دوای گەڕانەوەیان بۆ كوردستان لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی، بۆ چاودێری براوەتە "خانوویەكی پیس و خراپ"‌، لێپرسراوی نەخۆشییە گواستراوەكانی سلێمانیش دەڵێت "بەدواداچوون بۆ شوێنی مانەوەی ئەو كەسانە دەكەین كە لە چین دەگەڕێنەوە ‌و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە".
 
یاسین حەمەسەعید میرزا، بازرگانێكی خەڵكی سلێمانییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی چین لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە، لە خانوویەكی خراپدا بە تەنیا خراوەتە ژێر چاودێری ‌و گوتی "كێشەمان مانەوە نییە، بەڵكو شوێنی مانەوەمان زۆر خراپە ‌و لە خانوویەكدا دایانناوین هیچ بۆ ژیان گونجاو نییە‌ و مەرجی خاوێنیی تێدا نییە، بەجۆرێك  پیسە ئەگەر لە چین نەخۆش نەكەوتبین لێرە نەخۆش دەكەوین، بۆیە بۆ مانەوە داوای شوێنێكی گونجاو دەكەین".
 
پێشتر کەسێکی نزیک لە یاسین حەمەسەعید میرزا بە رووداوی راگەیاند، پێش گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان یاسین حەمەسەعید میرزا لە مالیزیا و قەتەر پشکنینی بۆ کراوە و کێشەی نەبووە. 
 
بۆ بەدواداچونی ئەو پرسە د. نەورۆز عوسمان، لێپرسراوی نەخۆشییە گواستراوەكان لە تەندروستیی سلێمانی قسەی بۆ رووداو كرد و روونیكردەوە، بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان هەر كەسێك لە وڵاتی چین بگەڕێتەوە لە رۆژی دەرچوونی لە وڵاتی چین بۆ ماوەی 14 رۆژ لەژێر چاودێریدا دەبێت، ئەگەر هیچ نەخۆشییەكی لێ دەرنەكەوت دەچێتەوە ماڵی خۆی، ئاماژەی بەوەش کرد "بەڵام ئەگەر شوێنی مانەوەیان خراپ بێت، ئەوە پێویستی بە بەدواداچوونە، بۆیە لەسەر ئەو پرسە دەست بە بەدواداچوون دەكەین".
 
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەر كەسێكی خەڵكی كوردستان لە وڵاتی چین بگەڕێتەوە، بۆ ماوەی 14 رۆژ لەژێر چاودێریدا دەهێڵدرێتەوە. 
 
كۆرۆنا ڤایرۆسێكی گوازراوەیە، واتە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە و لەنێوان ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تووشی كۆئەندامی هەناسە دەبێت. كۆكەی قورس، تای بەرز و هەناسەتووندی لە نیشانە سەرەكییەكانی نەخۆشییەكەن. تاوەكو ئێستا حەوت جۆری ناسراون، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1960ـەكاندا بڵاوبووەوە، بەڵام ئەم جۆرەی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لە چین دەركەوت و جۆرێكی نوێی ڤایرۆسەكەیە.
 
 
 
 
 

 

تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە 814 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 37 هەزار و 500 کەسیش هەڵگری ڤایرۆسەکەن.