رووداو - چەمچەماڵ
رووفاتی ئەنفالکراوانی قۆناخی چوارەمی پرۆسەی ئەنفال کە لە ساڵی رابردوو لە بیابانەکانی سەماوە دۆزرانەوە، لە مۆنیۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ دەنێژرێن.
هابیل حاجی ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنیۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "171 گۆڕ لێدراون، بەڵام هێشتا تەواونەبوون و رێکخستنەوەیان پێویستە، ئەمەش ئامادەسازییە بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەو ئەنفالکراوانەی لە سەماوە دۆزرانەوە".
بەڕێوەبەری مۆنیۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ دەڵێت "روفاتەکان 97 ژن و کچ و 74 منداڵن کە پشکنینی DNA بۆ زۆربەیان کراوە و ناسراونەتەوە".
هابیل حاجی ئەحمەد گوتیشی "قۆناخی گەڕانەوەی روفاتەکان هێشتا کاتی پێویستە، رەنگە زیاتر لە مانگێک بخایەنێت تاوەکو ئەوکات کاروباری رێکخستنەوەی گۆڕەکانیش تەواودەبێت".
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵی2004ـەوە چوار گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و سەرجەم رووفاتەکانیان کورد بوون و خەڵکی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان بوون.
ساڵی 2004 دوو گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدرانەوە، گۆڕی یەکەم 114 رووفاتی تێدا بوو، گۆڕی دووەم 45 رووفات، ساڵی 2005 گۆڕێک هەڵدرایەوە، کە 503 رووفاتی تێدا بوو، ساڵی 2013 گۆڕێک هەڵدرایەوە 93 رووفاتی تێدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ