سەعدی پیرە: پەرلەمان یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەموار دەکاتەوە

09-02-2019
گۆڤەند مستەفا
 سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
نیشانەکردن یەکێتی حکومەت
A+ A-

رووداو - سلێمانی

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆبووەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەشنووسی رێککەوتننامەی پارتی و یەکێتی کرد.

دوای کۆبوونەوەکە سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان رۆژی 18ی ئەم مانگە کۆدەبێتەوە و دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەموار دەکرێتەوە، دوای هەموارکردنەوەکە بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت".

سەعدی ئەحمەد پیرە هەروەها رایگەیاند: "لە دوو رۆژی داهاتوودا رەشنووسی رێککەوتننامەی پارتی و یەکێتی ئامادە دەکرێت بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتیدا تاوتوێ بکرێتەوە".

سەبارەت بە دیاریکردنی بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و یەکلابوونەوەی پۆستەکانی دیکەی حکومەت، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "هێشتا بەربژێرمان بۆ سەرۆکی پەرلەمان دیاری نەکردووە، مەسەلەیەکی گەورە نییە و بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت. سەبارەت بە پۆستەکانی دیکەی حکومەت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانە، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ئەوان پێشنیازیان کردووە هەر لایەنێک کاندیدی هەیە دەرگا کراوەیەوە بۆیان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت وەردەگرێت".

لەبارەی بەشدارینەکردنی هێرۆخان لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا، سەعدی پیرە گوتی: "هێرۆخان تەندروستی زۆر باش نییە، بۆیە ئێستا بەشداری کۆبوونەوەکان ناکات، هیوادارین بە زووترین کات چاک ببێتەوە و بەشداری کۆبوونەوەکان بکات".

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە