ئەنەکەسە لە عەفرین: زیاتر لە 4 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 4 هەزار خێزانی کورد گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. هەروەها رایگەیاند ژمارەیەکی زۆر عەرەبی هاوردەش عەفرین جێدەهێڵن.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 09-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "گەڕانەوەی خێزانە کوردەکانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان، رۆژانە بەردەوامە."
"بۆ رێگەدان بە گەڕانەوەی کورد، گرووپە چەکدارەکان داوای پارە دەکەن"
ئەوانەی دەگەڕێنەوە عەفرین لە دوای ساڵی 2018ـەوە لە حەلەب، شەهبا و تلتەمر لەئاوارەیی دا ژیاون. سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت "بەداخەوە، ئێستاش ئاستەنگ بۆ ئەو کوردانە دروست دەکرێت، کە دەگەڕێنەوە و داوای پارەیان لێ دەکەن."
ئەحمەد حەسەن کە لە عەفرینەوە بۆ رووداو قسەی کرد، گوتیشی "گرووپە چەکدارەکانی عەفرین و دەوروبەری داوای پارە دەکەن، گرووپ هەیە بۆ رێگەدان بە گەڕانەوەی خێزانێکی کورد، هەزاران دۆلاری دەوێت، هەشە بە 100 دۆلار رێگەیان پێ دەدات و چەند ناوچەیەکیش هەن پارە وەرناگرن."
"گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بەردەوامە"
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین، ژمارەی ئەو عەرەبە هاوردانەی عەفرین و دەوروبەری جێدەهێڵن، زیاترە لەو هاونیشتمانییانەی دەگەڕێنەوە. دەشڵێت "راپۆرتمان بۆ هاتووە؛ لە یەک گونددا 17 خێزانی عەرەبی هاوردە چوونەتەوە جێگەی پێشوویان."
تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی ئەو خێزانە کوردانەی گەڕاونەتەوە عەفرین، لەنێو ماڵی کەسوکاریاندا دەژین و خانووەکانی خۆیان رادەست نەکراوەتەوە.
ئەحمەد حەسەن گوتی، "هەندێک هەن، خانووی خۆشیان چۆڵکرابێت ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت بچنەوە نێوی، چونکە هەندێک لە گرووپەکان بۆ پێدانەوەی خانووەکانیان داوای پارەیان لێ دەکەن".
"ژمارەیەک هاونیشتمانی دوای گەڕانەوەیان، گیراون"
نزیکەی مانگێکە گەڕانەوەی هاونیشتمانیان بۆ عەفرین دەستیپێکردووە. لەکاتی گەڕانەوەیاندا ژمارەیەک کوڕی گەنج و پیاو بە پاساوی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لەلایەن گرووپە چەکدارە دەسەڵاتدارەکانی عەفرینەوە دەستگیرکراون. سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت "تاوەکو ئەمڕۆش ژمارەیەک کورد لە زیندانن."
ئەحمەد حەسەن گوتیشی "ژمارەیەک لەو کوردانەی کاتی گەڕانەوە بۆ عەفرین و دەوروبەری دەستگیرکرابوون، ئازاد کراون، کە بەشێکیان لەبەرامبەر پێدانی پارەدا بڕیاری ئازادبوونیان دراوە."
08-12-2024، دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەوکاتەی وڵاتەکە هێنا.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشقدا، گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سووریا هەردوو ناوچەی شەهبا و منبجیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو، ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانیی عەفرین بوون و لەئاوارەییدا بوون، جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بنەوە و بەشیکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.
لە سنووری قەزای عەفرین، 6 ناحیە و 366 گوند هەن کە لەدوای داگیرکردنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، تاوەکو ئەمڕۆ، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە ئاوارەیدا دەژین و ئامادە نین بگەڕێنەوە.