رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ناحیەی رۆڤیا لە سنووری پارێزگای دهۆک، گۆزەیەک دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
دۆزینەوەی گۆزەکە لە ئەنجامی کاری هاوبەشی شوێنەواری دهۆک و زانکۆی ئۆدینەی ئیتاڵی بووە.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 09-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەو شوێنە شوێنەوارییەی گۆزەکەی لێ دۆزراوەتەوە، بەهۆی رێگەوبانەوە لە رابردوودا زیانی بەرکەوتووە.
لە هەمان ئەو سنوورەی گۆزەکەی لێ دۆزراوەتەوە شوێنەواری دوو ژووری لاکێشەیی دۆزراوەتەوە کە بە دەشتی ناوکۆڕ لە دەڤەری گۆرانەتی دەناسرێت. کەیفی مستەفا گوتی: "بەگوێرەی شوێنی گۆزەکە، ئەو گۆزەیە لە کاتی خۆیدا بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی گەنم لەنێو ماڵدا بەکارهێندراوە."
شوێنەوارەکان لە دوو پڕۆژەی شوێنەواری لەو سنوورە دۆزراونەتەوە کە ناویان (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان)ـە.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پڕۆژەی كانی ئەسپەهان جۆرە گۆزەیەك بۆ بەکارهێنان و خاوێنكردنەوەی گەنم دۆزرایەوە، تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها لە پڕۆژەی شوێنەواریی "گرێ ئاسنگەران" دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە.
شوێنەکان شێوەیان لاكێشەییە و لە كەرپووچ و لەسەر بەرزایی گردەكە دروستكراون. "بەپێی توێژینەوەكان، ئەو ژوورانە تایبەت بوون بە كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە" لەو سەردەمەدا.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەکردووە، دۆزینەوەی شوێنەوارەکان دەیسەلمێنێت، کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە بۆ كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی و دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ