کتێبی دەروازەیەک بۆ جیۆلۆجیای هەرێمی کوردستان: یۆرانیۆم لە کوردستان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

دوو توێژەری زانکۆی سۆران کتێبێک بڵاودەکەنەوە بەناوی "دەروازەیەک بۆ جیۆلۆجیای هەرێمی کوردستان"، وەکو خۆیان دەڵێن، یەکەم بەرهەمی زانستیی زەویناسییە بە زمانی کوردی لەبارەی پێكهاتە جیۆلۆجییەکان لە هەرێمی کوردستان. 
 
کتێبەکە لەلایەن هەریەک لە بژار عەبدولمەناف و ئەرکان عوسمان نووسراوە و وەکو رێنیشاندەرێکی زانستی و مەیدانی بەکاردێت بۆ زانستخوازان، کە دەیانەوێت لەبارەی زەویناسیی هەرێمی کوردستان کاربکەن.
 
کتێبەکە 162 لاپەڕەیە، توێژەران سەرەتا لەبارەی زانستی زەویناسییەوە شیکردنەوەی زانستییان کردووە. دواتر داتای زانستیی پێکهاتەی جیۆلۆجیی کوردستانیان خستووەتەڕوو، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەی مەیدانییان بۆ توێژینەوەکە، چەندین وێنەی جیاوازی بەرد و پێکهاتەی زەویناسیی هەرێمی کوردستانیان خستووەتەڕوو. 
 
توێژەرانی ئامادەکاری کتێبەکە، رۆژی پێنجشەممە 9-1-2025 میوانی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بوون. د. بژار عەبدولمەناف، یەکێک لە توێژەرانی ئامادەکاری کتێبەکە ئاماژە بە ئامانجەکانیان دەکات و روونیدەکاتەوە "لە نووسینی ئەم کتێبە مەبەستمان پڕکردنەوەی بۆشاییەکە، کە بە زمانی کوردی سەرچاوەمان نییە دەربارەی زانستی زەویناسی و جیۆڵۆجیای کوردستان. هەروەها مەبەستمان بوو زانستخوازان و توێژەران زانیاریی پێویستیان هەبێت دەربارەی پێکهاتەی جیۆلۆجیای خاکی کوردستان".
 
کتێبی "دەروازەیەک بۆ جیۆلۆجیای هەرێمی کوردستان"، وەک ئەو دوو توێژەرە ئاماژەی پێدەکەن، بەرهەمی 100 گەشتی زانستییە و وێنەکانی 100 شوێنی جیاوازی هەرێمی کوردستانی تێدا خراوەتەڕوو. 
 
لەبارەی پێکهاتەی جیۆلۆجیای خاکی کوردستان، ئەرکان عوسمان، کە یەكێکی دیکە لە توێژەرانی ئامادەکاری کتێبەکەیە، بە رووداوی گوت "لە ژێر زەویی کوردستان تەنیا نەوت نییە، بەڵکو خاکی کوردستان بە چەندین مادەی کانزایی دەوڵەمەندە، چەندین جۆر بەرد هەن کە لە پیشەسازیدا دەتوانرێت وەکو مادەی خاو بەکاربێن".
 
ئاماژەی بەوەش کرد "بەردی مەڕمەڕ یەکێک لە بەردە هەرە بەنێوبانگەکانە کە لەناوچەکانی پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و ناوچە سنوورییەکانی دیکە بڕێکی زۆر هەیە. هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان چەندین جۆر کانزا هەن، کە دەتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ پێشخستنی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان". 
 
لە بەشێکی کتێبەکە، باس لە مادەی لیسیۆم دەکرێت، بژار عەبدولمەناف گوتی "لە کتێبەکە وردەکاریی مادەکانمان نەخستووەتەڕوو، بەڵکو باسی مادە و پێکهاتەکانمان کردووە، لیسیۆم و جۆرەها کانزای دیکە لە هەرێمی کوردستان هەن".
 
جەختیشیکردەوە "کانزای بە نرخ لە کوردستان هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوەی وردی بۆ نەکراوە و هەروەها نەخشەیەکی تایبەتی جیۆلۆجیش نییە، بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان تاوەکو رێژەی کانزاکان دیاریبکات".
 
زۆرجار باس لەوە دەکرێت خاکی هەرێمی کوردستان بە بوونی مادەی یۆرانیۆم بەنێوبانگە، لەوبارەوە ئەرکان عوسمان گوتی "یۆرانیۆم لە کوردستان هەیە، بەڵام توێژینەوەی وردی بۆ نەکراوە، تاوەکو رێژەکەی دیاری بکرێت".