هەسەدە: لە رۆژێکدا 63 چەکدارمان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کوشتووە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکان و هەسەدە.
شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکان و هەسەدە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رۆژی چوارشەممە لە نزیک بەنداوی تشرین 63 چەکداریان کوشتووە و 37ی دیکەش بریندارن. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، هێرشی چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریایە بە ئاراستەی بەنداوی تشرین، لە دەووروبەری شاری منبج لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگەی حەلەب.
 
زیاتر لە 25 رۆژە هەسەدە بەرپەرچی ئەو هێرشانە دەداتەوە.
 
محەممەد تەها، فەرماندە لە سوپای نیشتمانیی سووریا دەڵێت: "ئەمڕۆ بە پشتیوانی خودا، بەرەوی ئاراستەی بەنداوی تشرین و بەرزاییەکانی دەووروبەری پێشڕەوییمان کرد و بەشێوەیەکی بەرچاو لەو ناوچانە پێشڕەوییمان کردووە سوپاس بۆ خودا." 
 
بەڵام هەسەدە رایگەیاندووە ئەوان بەردەوامن لە پارێزگاریی لە بەنداوی تشرین و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
 
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و 80 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە.
 
بەنداوی تشرین ناوچەیەکی ستراتیژییە و لە ساڵی 1999ـوە کارەبای ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دابین دەکات، بەتایبەت سنوورەکانی شاری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان.
 
گیێر پێدەرسن، نێردەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەڵێت: "سەرەڕای هێنانەئارای ئاگربەست لەسەر دەستی ئەمریکا لە نزیک منبج لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، بەڵام راپۆرتەکان باس لە شەڕوپێکدادان لەنیوان هەسەدە و سوپای نیشتمانیی سووریا لەو ناوچانە دەکەن." 
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت: "هەسەدە هاوبەشێکی باشمان بووە، بەڵام لە خاڵێکدا رەنگە هەسەدە تێکەڵی سوپای سووریا بکرێت و دواتریش سووریا کۆنترۆڵی سەرجەم کەمپەکان دەکات و هیوادارین بتوانێت بیانپارێزێت، بەڵام بۆ ئێستا پێموایە دەبێت ئێمە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین." 
 
فراوانبوونی شەڕوپێکدادانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەکاتێکدایە، سوپای تورکیا هێزێکی زۆری لەسەر سنوور جێگیر کردووە، میدیات تورکیاش رایگەیاندووە، ئەوە ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی زەوینی بۆ سە رۆژئاوای کوردستان، ئەگەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا نیگەرانییەکانی تورکیا سەبارەت بە یەپەگە نەڕەوێننەوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە