رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەینێت، لەساڵی 2024دا بە بەهای زیاتر لە 35 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان جێبەجێکردووە. دەشڵێت، "2024 ساڵێکی زێڕین بوو بۆ شاری سلێمانی".
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و باسیان لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی کرد.
بەڕێوەبەری شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، "ساڵی 2024 ساڵێکی زێڕین بوو بۆ شاری سلێمانی، چونکە لەو ساڵەدا کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ جێبەجێکراون، لەوانە یەکتربڕی باخی بەختیاری، بە گوژمەی 12 ملیار و 500 ملیۆن دینار؛ یەکتربڕی ئارام، گوژمەی نزیکەی 10 ملیار و 355 ملیۆن دینار؛ ئەندەرپاسی فارووق، گوژمەی زیاتر لە 7 ملیار و 300 ملیۆن دینار و بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب، بە گوژمەی زیاتر لە 5 ملیار و 728 ملیۆن دینار."
زەردەشت رەفیق لەبارەی تێچووی کۆی گشتیی پڕۆژەکانەوە گوتی: "زیاتر لە 35 ملیار دیناربووە و لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بەرامبەر پێدانی زەوی بۆ پرۆژەکانیان جێبەجێیان کردووە، ئەم پرد و بەرزەپردانە رۆڵێکی گرنگ و زۆر باشیان هەیە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵخی ناوشاری سلێمانی."
ئەو بەرپرسەی شارەوانیی سلێمانی لەبارەی پڕۆژەکانی قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی شەقام و گەڕەکەکانی نێو شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، "لەماوەی ساڵی 2024دا نزیکەی 827 هەزار مەتر دووجا کاری قیرتاوکردن کراوە لەگەڵ 445 هەزار مەتر دووجا کاری کۆنکرێت، لە گەڕەک و شەقامەکانی نێو شاری سلێمانی بە گوێرەی پێویستی کاری چاککردنەوە و قیرتاوکردنیان بۆ کراوە."
"لەسێکتەری ئاوەڕۆدا ساڵی پار، توانراوە 45 هەزار و 882 مەتر ئاوەڕۆیی لوولەیی و 45 هەزار و 880 مەتر ئاوەڕۆی سندووقی دروستکراون." زەردەشت رەفیق وای گوت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی شارەوانیی سلێمانی، ئەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون لەسەر داهاتی 15٪ـی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بوون.
بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شاری سلێمانی، شارەکە دابەشی سێ زۆن کراوە و لەلایەن سێ کۆمپانیاوە کاری کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکیان بۆ دەکرێت، زەردەشت رەفیق دەڵێت، "لەماوەی ساڵی 2024ـدا نزیکەی 385 هەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە کە رۆژانە دەکاتە زیاتر لە هەزار تۆن زبڵ و لە کارگەی ریسایکڵینی سلێمانی، ریسایکڵ کراون."
بە گوتەی زەردەشت رەفیق: "کارگەی ریسایکڵینی سلێمانی سوودێکی زۆری بە ژینگە گەیاندووە."
لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەکانەی کە تاوەکو ئێستا خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ جێبەجێنەکراوە، زەردەشت رەفیق ئاماژەی بەوەکرد،"لەپلانی 2025دا هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە بە گوێرەی بودجەی بەردەست خزمەتگوزاریی پێویست بگەیێنینە ئەو شوێن و گەڕەکانەی خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە."
لەماوەی ساڵی 2024دا، نزیکەی چوار هەزار هاونیشتمانیی مامەڵەی تاپۆکردنی خانوویان پێشکێش بە شارەوانی کردووە، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، "لەماوەی ساڵی رابردوودا، نزیکەی چوار هەزار هاونیشتمانی داواکارییان پێشکێشکردووە و نزیکەی 385 کەس هاتوون بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان، گرانیی خەمڵاندنی تاپۆکردن هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری هاونیشتمانییان مامەڵەکانی تاپۆکردنی خانووەکانیان تەواو ناکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ