نەتەوە یەکگرتووەکان: 85٪ـی پەنابەر و ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە راپۆرتی مانگی کانوونی یەکەمی 2024ـدا دەڵێت، 286 هەزار و 171 پەنابەر یان ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین. هەروەها، جیا لەوان 85 هەزار و 142 خێزانی پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە؛ ئەمەش 85٪ـی هەموو پەنابەرانی عێراق پێکدەهێنێت.
 
ئاژانسەکە بەمجۆرە پۆلێنی ژمارەکانی کردووە: 11 هەزار و 101 بەساڵاچوو، 138 هەزار و 199 مێ، 147 هەزار و 972 نێر، 49 هەزار و 116 لاو (تەمەن 15 بۆ 24) و 203 هەزار و 447ـیش ژن و منداڵ.
 
لەبارەی شوێنی ژیانیان، ئاژانسەکە دەڵێت: "91 هەزار و 845 کەس لە دهۆک، 41 هەزار و 791 کەس لە سلێمانی و زۆرترین ژمارەش لە هەولێر دەژین کە 152 هەزار و 535 کەسن."
 
بەگوێرەی UNHCR، زۆربەی پەنابەران و پەناخوازانی هەرێمی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هاتوون، ژمارەشیان 266 هەزار و 605 کەسە. 9 هەزار و 183 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە هاتوون. 8 هەزار و 116 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیاوە هاتوون. هەزار و 37 کەس لە فەلەستین و هەزار و 230 کەسیش لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون.
 
20 هەزار و 141 خێزان لە کۆی 85 هەزار و 142، لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین. کەمپەکان بریتیین لە: دۆمیز 1، دۆمیز 2، دارەشەکران، گەویلان، عەربەت، قوشتەپە، کەورگۆسک، باسرمە و ئاکرێ.
 
ژمارەی پەناخوازە هاتووەکان بەگوێرەی ساڵەکان بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە. چوار هەزار و 318 کەس لە 2010؛ 356 کەس لە 2011؛ 19 هەزار و 684 کەس لە 2012؛ 60 هەزار و 729 کەس لە 2013؛ 28 هەزار و 916 کەس لە 2014؛ 17 هەزار و 965 کەس لە 2015؛ 14 هەزار و 591 کەس لە 2016؛ 15 هەزار و 332 کەس لە 2017؛ 15 هەزار و 962 کەس لە 2018؛ 20 هەزار و 296 کەس لە 2019؛ 5 هەزار و 862 کەس لە 2020؛ 16 هەزار و 279 کەس لە 2021؛ 19 هەزار و 613 کەس لە 2022؛ 20 هەزار و 576 کەس لە 2023 و 22 هەزار و 701 کەسیش لە ساڵی 2024 هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
لە راپۆرتێکی مانگی ئەیلوولی ئاژانسەکە هاتووە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاوارە و پەناخوازەکانی تەواوی عێراق، ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 203.6 ملیۆن دۆلاری کردبوو، بەڵام تەنیا 44٪ـی ئەو پارەیان دەستکەوتبوو.
 
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 282 ستافی ئاژانسی ناوخۆیی و 71 ستافی نێودەوڵەتی لە عێراق هەیە. رێکخراوەکە دوو نووسینگەی سەرەکی لە بەغدا و هەولێر؛ نووسینگەیەکی لاوەکی لە دهۆک و پێنج نووسینگەشی لە نێو کەمپەکان لە بەغدا، هەولێر، کەرکووک، موسڵ و سلێمانی هەیە.