پێنتاگۆن: هیچ بنکەیەکمان لە کۆبانێ نییە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جارێکی دیکە رەتیکردەوە هێزەکانی ئەو وڵاتە بنکەی سەربازی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دابنێت. راشیگەیاند، هەسەدە لەو ناوچانە چالاکن و سەرنجی ئەرکی سەربازیی ئەمریکا زیاتر لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سووریایە.

رۆژی چوارشەممە، 08ـی کانوونی دووەمی 2025، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هەندێ راپۆرت باس لەوە دەکەن گوایە ئەمریکا بنکەیەک لە کۆبانێ دادەنێت، ئەوە راست نییە. هەسەدە لەو ناوچانە چالاکن و هەروەکو دەزانن ئەرکی ئێمە رووبەڕووبوونەوەی داعشە و پێگەکانمان زیاتر لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەن." 
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن باسی لە ئەرکی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد و گوتی: "ئەرکی هێزەکانمان لە سووریا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، تاکە ئەرکی ئێمە لە سووریا لەنێوبردنی داعشە و هەر بۆیەش هێزەکانمان لەوێن." 
 
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"، لە سووریا، سابرینا سینگ گوتی: "ئێمە وەکو هاوبەش کار لەگەڵ هەدەسە دەکەین، بەڵام ئەوەش گرنگە تاکە هۆکاری بوونی ئێمە لە سووریا و ئەرکمان لەنێوبردنی داعشە، جا ئەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بێت یان ئەو لێدانانەی هەمانە." 
 
ئەمریکا لە رابردوودا رایگەیاندووە تەنیا 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، بەڵام لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی باکووری سووریا لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و هەسەدە، پێنتاگۆن زیادبوونی ژمارەی سەربازانی لە سووریا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد نزیکەی 2 هەزار سەربازیان لەو وڵاتە هەیە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 02ی کانوونی دووەمی 2025، چەندین میدیا بڵاویانکردەوە، ئەمریکا دیواری کۆنکرێتی لە حەسەکەوە بۆ کۆبانێ دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی بنکەیەکی سەربازی لەوێ دابنێت.