رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان وەڵامی یەکەم ئەمیندارى گشتیی حیزبوڵڵاى لوبنانی دەداتەوە و دەڵێت، ئەو قسانەی کردوویەتی بیرکردنەوەیەکی "شۆڤێنییانەیە".
د. عەبدوڵڵا وەیسی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "كورد بەدرێژایی سەدەی رابردوو مافی پێشێل كراوە و لەهەر چوار پارچەی کوردستان تووشی نەهامەتیی گەورە هاتووە، کە سەرچاوە و پاڵنەری ئەو ماڵوێرانییە عەقلیەتی شۆڤێنی و تایفەگەری و دیكتاتۆرییەت بووە".
سەرۆکی یەکێتیی زانایان دەڵێت: "بە هەموو پێوەرە ئاسمانی زەوینییەکان کورد وەک سەرجەم نەتەوەکانی دیکە مافی خۆی هەیە داوای ماف بکات، درووشم و گوتاری دژە کورد و وەسفکردنی بە سەری مار، تێفکرینێکی شۆڤێنیانەیە و ئاگری فیتنە و دووبەرەکی خۆش دەکات، کورد سەری مار نییە، بەڵکو قوربانیی ژەهری مارەکانە".
سوبحى توفەیلی، یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى، 03ـی ئەم مانگە لە گوتارێکدا مەترسیی هەندێک لایەنی بەرامبەر بە دەسەڵاتى ئێستای سووریا بە "وەهم" پێناسە کرد و گوتی: "رێگەم پێبدەن بە سووریا بڵێم سەرى مارە کوردییەکەى ببڕن، ئەگەر سەرى مارە کوردییەکە ببڕدرێت، هەموو شتێک لە سووریا کۆتایی دێت، لە سوەیدا و ناوچەکانى دیکە ئەو دەنگە نەشازانە نامێنن".
یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى زیاتر لە بارەی کوردەوە قسەیکرد و گوتی: "هەوڵێک هەیە بۆ هاندانى بەشێک لە کورد بۆ وەستان لەدژى دروستکردنى دەوڵەتى سووری و داواى پشک و فیدراڵى دەکەن هاوشێوەى عێراق و لوبنان، ئەوەش وێرانکردنی سووریایە و ئەوەیان دەوێت. نابێت کورد لە سووریا ببنە داردەستى زایۆنیزم و ئەمریکا".
سوبحى توفەیلی، لەنێوان ساڵانى 1989 بۆ 1991 یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى بووە و ئێستا وەکو مەرجەعێکی باڵای شیعەکانی ئەو وڵاتە سەیر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ