نەوت و کانزاکانی ههولێر: ئەم ساڵ لە بەنزینخانەکانەوە نەوتی ماڵان دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بهڕێوهبهری نەوت و کانزاکانی ههولێر دەڵێت، ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو نەوت دابەش دەکرێت، کارتی زیرەک بۆ خێزانەکان دروستدەکرێت و لە بەنزینخانەکاندا نەوت وەردەگرن.
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاری كاكهشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بڕیاردراوە لەمەودوا نەوتی ماڵان لە رێگەی بەنزیخانەکانەوە دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش کارتی زیرەک بۆ خێزانەکان دروستدەکرێت، کارتەکە زیاتر لە 10 ساڵ کاری پێدەکرێت.
بە گوتەی بهڕێوهبهری نەوت و کانزاکانی ههولێر، بڕیارە لە 15 بۆ 20ـی ئەم مانگە بەغدا 50 ملیۆن لیتر نەوتی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئاری كاكهشین گوتی، "تاوەکو مانگی 9ـی ئەم ساڵ لەکاتی دابەشکردنی نەوتدا کارتی زیرەکی هەموو خێزانەکان تەواو دەبن و لەو رێگەیەوە نەوت وەردەگرن."
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتە بۆ ئەوەی ساڵانە یەک بەرمیل نەوت بداتە هەر خێزانێک، تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک خێزان دابەش کراوە، کە دەکاتە 88% کۆی نەوتی دابەشکراو.