رێکخراوێکی ئەمریکی: ساڵی رابردوو تورکیا زیاتر لە 1,500 جار هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان

 
 
رووادو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی رایگەیاند لە ساڵی 2023دا هێزەکانی تورکیا زیاتر لە 1500 جار هێرشیان کردووەتە سەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: "بەهۆی هێرشەکانەوە 11 هاووڵاتی شەهید بوون و 13ـی دیکەش بریندار بوون."
 
رۆژی سێشەممە، 9-1-2024، کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی لەبارەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2023دا هێزەکانی تورکیا هەزار و 548 جار هێرش و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستان و نەینەوایان کردووە." 
 
کامەران عوسمان ئاماژەی بە وردەکاریی ئەو ‌هێرشانە دا و گوتی: "1159 هێرش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، 228 هێرش لە رێگەی درۆن، 114 هێرش لە رێگەی تۆپباران، سێ ‌هێرش لە رێگەی تەقەکردن و دوو جاریش لە رێگەی تەقینەوەی مین بووە."
 
سەبارەت بە دابەشبوونی هێرش و پەلامارەکان بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە: "لە پارێزگای هەولێر: 475 هێرش، لە پارێزگای دهۆک 517 هێرش، لە پارێزگای سلێمانی 420 هێرش و لە پارێزگای نەینەواش: 36 بۆردوومان و هێرش هەبووە."
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی نزیکەی 840 گەریلا و کوژرانی نزیکەی 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی نزیکەی سێ هەزار سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی نزیکەی 400 گەریلای راگەیاندووە.