ئەو شۆفێرەی لە بەردەڕەش دوو ژینگەپارێزی کوشت: خەوم لێکەوتبوو


رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ڤیدیۆکە دیمەنی ئەو رووداوە هاتووچۆیە دەبینن کە لە بەردەڕەش ژیانی لە دوو کرێکاری ژینگەپارێز سەندەوە و چوار کەسی دیکە بەهۆیەوە برینداربوون. 
 
رووداوەکە لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش روویداوە، لەوکاتەدا بووە کە کارمەندانی ژینگەپارێز کۆببوونەوە تاوەکو بچنە سەر کارەکەیان. 
 
ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە ناویان یونس خورشید، لەدایکبووی 2007 و محەممەد عەبدولڕەزاق، لەدایکبووی 2003 یە. چوار هاوکاری دیکەیشیان برینداربوون. 
 
تەرمی محەممەد عەبدولڕەزاق لە دینارتە بە خاک سپێردرا کە لەدوای خۆی، هاوژین و منداڵێکی سێ ساڵانی جێهێشت. 
 
فارس یونس، کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکانی رووداوەکەیە. بە رووداوی گوت، ماوەی نێوان دووکانەکان و مزگەوتەکە 100 مەترە، شۆفێر لە 20 بۆ 30 لێدەخوڕێت، نازانم ئەمەیان چۆن لێی خوڕیوە.
 
تەرمی یونسیش لە قەزای بەردەڕەش بە خاک سپێردرا، بە گوتەی نوێنەری ئەو کۆمپانیایەی یوسف و محەممەد کاریان لێ دەکرد، ئەو دوو ژینگەپارێزە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە. 
 
ئەو شۆفێرەی کە هۆکاری رووداوەکە بووە، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا لاندکرووزەری پێ بووە، دوای رووداوەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە. بە پۆلیسی گوتووە کە خەوی لێکەوتووە بۆیە تووشی ئەو رووداوە بووە.