یەکێتی و پارتی دوای زیاتر لە شەش ساڵ لە ئاستی بەرپرسی لق و مەڵبەند لە کەرکووک کۆبوونەوە

09-01-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە کەرکووک
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە کەرکووک
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

پارتی و یەکێتی دوای زیاتر لە شەش ساڵ لە ئاستی بەرپرسی لق و مەڵبەندی ئەو دوو حیزبە لە کەرکووک یەکەم دیدار و کۆبوونەوەیان کرد. کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە لەنێو کورددا تەنیا ئەو دوو لایەنە خاوەنی کورسین لە ئەنجوومەنی پارێزگا.
 
دوای کۆبونەوەکە بەرپرسانی هەردوولا گوتیان، بۆچوونەکانیان لەیەکەوە نزیکن و بەیەکەوە کار دەکەن. محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی گوتی، "لە دانیشتنەکەدا لێکتێگەیشتنی باش هەبوو بۆ پەیوەندییەکی باش، بڕیارمان دا بەیەکەوە کار بکەین، بەپێی یاساکە، دەبێت رێککەوتن بکەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان، شتێکی ئاساییە، ئێمە سبەی ئەنجوومەن پێکدەهێنین، بەیەکەوە دادەنیشین، خۆ شەڕ ناکەین."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەی بەرپرسانی لقی پارتی و مەڵبەندی یەکێتی، بۆ بڕیاردان نەبووە لەسەر پرسی ئیدارەی پارێزگا، هێندەی کردنەوەی دەرگایەکە بەو ئامانجەی کۆبوونەوە لە ئاستی باڵاتر ئەنجام بدرێت. یەکێتی کە لایەنی دەستپێشخەرن لەم پەیوەندییەدا، لە هەوڵدان پرسی پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و نەینەوا بکرێتە یەک پاکێج و لەگەڵ پارتی رێککەوتنی لەسەر بکەن.
 
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی گوتی، "لە کەرکووک کۆمەڵێک نەتەوە بەیەکەوە دەژین و دەبێت هەماهەنگ بین لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا، بۆ ئەم بابەتە کۆمەڵێک قسە و باسی جیدی کرا؛ ئەوانیش پێیان وایە کە دەبێت نێو ماڵی خۆمان یەکبخەین، دیارە خۆتان ئاگادارن کە پێشتر بەرپرسی لقیان خۆی باسی ئەوەی کرد کە مافی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە پێشنیازی پارێزگاری کەرکووک بکات، پێویست ناکات ئەوە دووبارە بکەینەوە کە پێویستە بیر لە میکانیزمەکەی بکەینەوە."
 
رووداو زانیویەتی لە ئێستا بەدواوە پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردییەکانی دیکەی کەرکووک لە ئاستی پەیوەندییەکان دیدار و کۆبوونەوەی بەردەوام ئەنجام دەدەن. عەرەب و تورکمانیش کە نزیکن لەوەی بچنە بەرەیەکەوە، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکانیان لەلا گرنگە.
 
بەرەی تورکمانی، کە چاویان لەوەیە پۆستی پارێزگار بکرێتە دەوری، دەڵێن، "بەبێ رەچاوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، پێویستە سەرەتا ئەم پۆستە بدرێتە ئەوان."
 
قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی عێراق دەڵێت، "بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک، مەرج نییە ئەوەی دەنگی زۆر یان کەمی هەیە، بکرێتە پێوەر بۆئەوەی دەسەڵاتی لابێت. دەبێت دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان پێکهاتەکان بە هاوسەنگی بێت، بەبێ روانین لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن. ئێمە وەکو بەرەی تورکمان، دیدارمان لەگەڵ لایەنەکان دەبێت و دەرگامان بۆ لایەنە براوەکان کراوەیە و هێڵی سوورمان بۆ هیچ لایەک نییە."
 
لایەنە عەرەبییەکانیش کە بە سێ لیست خاوەنی شەش کورسین، بە فەرمی رایانگەیاندووە کە دەبنە یەک فراکسیۆن و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کەسێکیان وەکو بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگار دیاریکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و هادی عامری.

نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری: ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق تێپەڕن

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.