رووداو - شارباژێڕ
پاش نزیکەی چوار مانگ لە نەبوونی قوتابخانە و بایکۆتی مامۆستایان، لەجیاتی وەرزی دووەم، وەرزی یەکەم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە دەستیپێکرد، بەبێ ئەوەی وانەی تەواو بخوێنن.
لە قوتابخانەیەکی سنووری پەروەردەی شارباژێڕ، لە کۆی 16 مامۆستا 6 مامۆستا دەستیان بە دەوام کردووەتەوە، قوتابییەکانیش بەو هەوڵە دڵخۆشن.
لیا سیروان، قوتابی دەڵێت، "هەستێکی خۆشم هەیە، چونکە دەمێکە نەهاتووینەتەوە بۆ قوتابخانە و دەمەوێت هەموو قوتابخانەکان بکرێنەوە، بۆئەوەی لە خوێندن دوانەکەوین." قوتابییەکی دیکە بەناوی راستگۆ نزار دەڵێت، "داوا لە مامۆستایان دەکەین بێنەوە بۆ قوتابخانە، چونکە بۆمان باشە و منداڵەکانیش حەزیان لێیەتی."
قوتابییەک لەبارەی چوونەوەی بۆ قوتابخانە ئاماژەی بەوە کرد، "هەستێکی خۆشمان هەیە کە قوتابخانە هەیە، چونکە فێری وانەکان دەبین و ماوەیەکی زۆریشە لە ماڵەوەین." قوتابییەکی دیکەش گوتی، "هەستێکی تایبەتم هەیە، بۆیە پێم باشە هەموو کات قوتابخانەکان بکرێنەوە و بایکۆت نەمێنێت."
دەستەی کارگێڕیی زۆرینەی قوتابخانەکانی سنووری بایکۆت، دەرگایان بەڕووی قوتابیاندا کردەوە و لە بەشێکیان مامۆستا گەڕانەوە و وانە خوێندرا.
ئەحمەد رەسووڵ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شارباژێڕ دەڵێت، "ئەمڕۆ دەواممان دەستپێکردەوە و ئامادەبوونی قوتابی باش بووە، مامۆستاکانیش تاڕادەیەک ئامادە بوون، هیوادارین رۆژانی دواتریش مامۆستایان و قوتابییان ئامادەبن، بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن دەستپێبکەینەوە، لەگەڵ ئەمەشدا لەگەڵ داواکاریی مامۆستایانین."
هیچ ئامارێکی بەردەست نییە، کە لە چەند قوتابخانە بایکۆت شکێندراوە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی پەروەردە جموجووڵێکی باش لەنێو قوتابخانەکان دروستبووە و چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی دەوامن.
نەژاد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، "لە سنووری سەرجەم پەروەردەکان جموجووڵێکی زۆر باش هەیە، مامۆستایان لە قوتابخانەکان ئامادە بوون و کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و داوایان لە قوتابییان کردووە بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەتایبەت لە سنووری پەروەردەی شارباژێڕ زۆر لە قوتابخانەکان داوایان لە قوتابییان کردبوو بگەڕێنەوە قوتابخانە و گەڕابوونەوە."
رووداو زانیویەتی، هەوڵی بەرپرسانی پەروەردە ئەوەیە، لەم هەفتەیەوە دەست بە دەوام بکرێتەوە، بۆئەوەی نزیکەی 700 هەزار قوتابی لە فەوتانی ساڵێکی خوێندن رزگار بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ