شاندی هەرێمی کوردستان داوای 750 ملیار دیناری بۆ مووچەی ئەم مانگە لە بەغدا کردووە
رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە، تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، بۆ ئەم مانگە 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.
شاندی هەرێمی کوردستان دوای سێ رۆژ کۆبوونەوەی چڕ و دوور لە چاوی کامێراکان لە بەغدا، گەڕایەوە هەولێر.
رووداو زانیویەتی شاندەکە دوو داواکاری سەرەکییان هەبووە، بەردەوامبوونی بەغدا لە ناردنی قەرز بۆ پێدانی مووچە و هەروەها جێگیرکردنی مانگانەی 913 ملیار دینار لە هەمواری یاسای بودجە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
یاسر حوسێنی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "مووچە و بابەتە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پەیوەندی بە چەند شتێکەوە هەیە، یەکەمیان وەستانی نەوت لەلایەن تورکیاوە شتێکی دیکە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمە بە داهاتە ناوخۆییەکان و خاڵە سنوورییەکان و داخستنی خاڵەسنورییە نافەرمییەکان و زۆر داهاتی تریش کە پەیوەندی بە داتا و ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانەوە هەیە".
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هەوڵی هەموارکردنی یاسای بودجە دەدات، لایەنە شیعەکان لە هەوڵی ئەوەدان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە سەر حکومەتی عێراق.
یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لە راستیدا بەر لە پێنچ رۆژ چاوم بە سەرۆکوەزیران [محەممەد شیاع سوودانی] کەوت، بە درێژیی باسی ئەو بابەتەمان کرد، داواکارییەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بەواژۆی زیاتر لە 200 هەزار کەسەوە پێشکێشکراوە، داوادەکەن مووچەکانیان بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی ببەسترێتەوە، بڕگەیەکیش هەیە لە یاسای بودجە کە رێگە بە سەرۆکوەزیران دەدات چارەسەری ئەو بابەتە بکات".
ساڵی رابردوو بە مەبەستی دابەشکردنی مووچە، حکومەتی عێراق بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دیناری بە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بە قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا.
گوشاری لایەنە شیعەکان بەشێوەیەکە، بەغدا لەجیاتی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، لەدوای چەندین کۆبوونەوە و دانوستاندن، پارەیەک بە قەرز دەنێرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشی مووچەش ناکات.
بەپێی دوایین گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە قەرزی دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بۆ ئەمەش پێویستی بە دەنگدان و بڕیاری فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانە.