گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق: هاوئاهەنگی لەنێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان زۆر نایابە
هەولێر دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، بۆ داننان بەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کۆمەڵێک لیژنەی هاوبەش پێکهێنراون بۆ چارەسەری کێشەکان بە هاوئاهەنگیی فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە بەغدا. گوتیشی "زۆربەی کێشە تەکنیکییەکان چارە کراون."
رۆژی 10ی کانوونی دووەمی 2024، پێشانگای نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ئابووری و پیشەسازی دەکرێتەوە. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە بووڵتەنی ئابووری کاژێر 09:00 بە رووداوی گوت، "رێکخستنی پێشانگای نێودەوڵەتیی بەغدا، کاریگەری لەسەر گۆڕینەوەی کارامەیی، ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و سوودوەرگرتنی زانیاری بیانی هەیە لە گەشەپێدانی ئابووری عێراقدا، کە دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی کۆمەڵێک کۆمپانیا و وڵاتی جیاواز، ئەوانیش دەبنە هۆی بووژانەوەی ئابووریی عێراق، لە ئەنجامی ئەو پڕۆژانەی کە حکومەتی عێراقی بەنیازە بیانکات."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبارەی پێشانگەکەوە دەڵێت، "ئەم پێشانگەیە، بۆ پێشاندانی بوارەکانی ئابوورییە، لەوانە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵی، بازرگانی و گەشتیاری. پیشانگەکە زیاتر لە 20 دەوڵەتی ئەوروپایی و ئاسیایی بەشدارییان تێدا کردووە. هەروەها زیاتر لە 850 کۆمپانیا لە کەرتەکانی پیشەسازی و ئابووری جیاجیادا بەشدارن؛ 256 کۆمپانیای ناوخۆی کەرتەکانی عێراقن. هاوکات، هەرێمی کوردستانیش بەشدارە، زیاتر لە 25 کۆمپانیای کوردستان لەو پێشانگەیەدا لە کەرتەکانی پیشەسازی بەشدارن. ئەمەیش یارمەتیدەرێکی باشە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چالاکییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری."
بەگوتەی محەممەد حەنوون، هاوئاهەنگیی لەگەڵ کۆمپانیا و وڵاتاندا، دەرگەیەکی گەورە بۆ هاوردەکردن و بەرهەمهێنانی کۆمپانیا بیانییەکان دەکاتەوە؛ کۆمپانیا جیهانییەکان دەتوانن هاوبەشی لەگەڵ کەرتە تایبەتەکانی عێراق بکەن؛ هەروەها دەستیان لە گەشەپێدانی عێراقدا هەبێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەشڵێت، "بەپێی کارنامەی حکومەتی عێراقی، ئاراستەکردنی هەناردەی عێراق گەشەی پێدەدرێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا؛ پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی ناوخۆ دەکات. حکومەت کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی لەبارەی پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆ دەرکردووە و پەرلەمانی عێراقیش پەسندی کردوون. حکومەت پاڵپشتیی کارگەکانی نیشتمانیی عێراقی دەکات. ئەمەیش هەنگاوێکی گەورەیە لەو لایەنەوە. هاوکات چالاکیمان لەبارەی گەشەپێدانی هەناردەکردنەوە هەن، وەزیری بازرگانی چاوی بە هەناردەکارانی عێراق کەوتووە لە کەرتە جیاوازەکان، ئامانجەکە ئەوە بووە کەموکووڕییەکانی هەناردە چارە بکرێت."
محەممەد حەنوون، گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەدا، "بە شانازییەوە توانیومانە پشت بە بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکانی عێراق ببەستین. ئێستا لایەنێکی گەورەی سەندیکاکانی عێراقیمان هەن بۆ پیشاندانی بەرهەمەکانمان لە کەرتە جیاوازەکاندا. هیوادارین ئەو پێشانگەیە یارمەتی خستنەڕووی بەرهەمە ناوخۆکانی عێراق بدات. دەرفەتێکیش بێت بۆ قازانجکردنی کارگەکان."
لەبارەی هەناردەکردنی کاڵاکانی عێراق جگە لە نەوت، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "راستییەکەی عێراق زۆر کاڵای هەن کە هەناردەیان بکات جگە لە نەوت، لەوانیش خورما کە ساڵانە 600 تۆنە. هاوکات هەموو جۆرەکانی رۆنی شل (زەیت)، لەگەڵ کۆمەڵێک شتومەکی دیکە کە لە کەرتی بازرگانی و کشتوکاڵ سوودی لێ دەبیندرێت. لە رستن و چنیندا سوود لە لۆکە دەبیندرێت؛ عێراق لەو رووەوە پیشازییەکەی لە ناوچەکە و لە جیهانیشدا پێشەنگە."
لەبارەی قەبارەی هەناردەکردنی شتومەکی عێراق کە هەناردەی وڵاتانی جیهان دەکرێن، محەممەد حەنوون دەڵێت، "زانیاریی قەبارەکە دیار نییە، بەڵام کەرتی تایبەت، وەزارەتی بازرگانی و سندووقی تایبەت بە بەرهەمی نێوخۆ، هەوڵێکی جیدی هەیە بۆ کۆکردنەوەی ئەو شتومەکانەی هەناردە دەکرێن. بەو هەوڵە دەبینە سەرچاوەی هەناردەکردنی کاڵاکانی عێراق، تا بتوانین کاڵاکانمان بخەینەڕوو."
دراوی قورس کێشەیەکی سەرەکیی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر کۆمپانیا و کارگەکان لە عێراق تۆمار نەکرابن، ناتوانن سوود لە دۆلاری هەرزان ببینن. لەو بارەوە گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، "ئەو کێشانە هونەری و کارگێڕین، هەوڵدەدەین لەگەڵ کوردستان چارەسەری بکەین. رێگەی شەفاف هەیە بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان؛ هاونیشتمانییان دەتوانن لە شوێنی خۆیانەوە بە ماوەیەکی کەم کۆمپانیاکەیان تۆمار بکەن. ئێستا تۆمارکردن کارێکی ئاسانە و ئاسانکاریی زۆرمان کردووە. هەوڵ دەدەین بۆ پشتیوانیکردنیان ئەو بابەتە بە ئەلیکترۆنی بکەین."
بەگوتەی محەممەد حەنوون، بۆ داننان بەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان تۆمارکراون، کۆمەڵێک لیژنەی هاوبەش پێکهێنراون بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بە هاوئاهەنگیی فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە بەغدا. زۆرینەی کێشە هونەرییەکان چارەسەرکراون، بەبێ ئەوەی هیچ ئاڵۆزییەک لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکاندا هەبێت. ئێمە ئامادەین ئەو کێشەیە بەو پەڕی ئاسانییەوە چارە بکەین. دوای ئەم دیدارە، وەزیری بازرگانیی عێراق پەیوەندیی بە وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستانەوە دەکات بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بەزووترین کات چارە بکات. ئەوەی کە پەیوەندی بە گەنمیشەوە هەیە، پەیوەندیمان باشە و پشتگیری لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئاراستەیەک هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم ئاسانکارییەکان بکرێت بۆ وەرزی دانەوێڵە بەتەواوی سەرکەوتوو بێت. لە ساڵی 2023دا پێنج ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنممان لە جووتیاران وەرگرتووە و بۆیان ئاسان دەکەین."
لەبارەی ژمارەی دەروازەسنوورییەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەوە محەممەد حەنوون دەڵێت، "ئێمە کێشەمان هەیە لەو بارەوە، هەندێ دەروازە هەن لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە کۆنتڕۆڵ نەکراون، دەمانەوێ کۆنتڕۆڵی بکەین. بەتایبەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەوتی بازرگانی عێراقی گرنگن بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی عێراق و ئەو مادانەی دێنە نێو عێراقەوە. ئێستا هاوئاهەنگی لە نێوان ناوەند و هەرێم زۆر نایابە و زۆر تایبەتە. پێویستە رێکبخرێن و هەندێ مادە قەدەخەن هاوردەی عێراق بکرێت. عێراق کۆمەڵێک دەروازەی هەن کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشن، کارەکانی شیاوکردنیان بەردەوامن و بەشێوەیەکی باشیش لە لایەن حکومەتی عێراقەوە کۆنتڕۆڵ کراون."