پارێزگاری هەولێر: 50٪ـی نرخی غاز و کارەبامان بۆ نانەواخانەکان کەمکردووەتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەر لەوەی بڕیار بدەن 10 نان بکرێتە 1000 دینار، بڕیاری دابەزاندنی نرخی کارەبا و غازیان بە رێژەی 50٪ بۆ نانەواخانەکان دەرکردووە و نرخی فەردەیەک ئاردیش لە 34 هەزار دینارەوە بۆ 28 هەزار دینار کەمکراوەتەوە و دەشڵێت: "خاوەن نانەواخانەکان بە هەڵە لە بڕیارەکەی ئێمە تێگەیێندرابوون و ئێستا دڵنیابن کە بڕیارەکە لە قازانجی ئەوانیشە".
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کۆنتڕۆڵی بازاڕ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داواکاری خەڵکە، بۆیە کاتێک بڕیار دەدرێت 10 نان و 10 سەموون بکرێتە هەزار دینار، سەرجەم هاووڵاتییان تێیدا سوودمەند دەبن، ئێمە وەکو پارێزگاری هەولێر بڕیارمان لەو بابەتە دا و دەبێت لە سەنتەری شاری هەولێر بە زووترین کات بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت".
 
دوای دەرچوونی بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە، ژمارەیەک خاوەن نانەواخانە و سەموونخانە وەکو ناڕەزایەتی گردبوونەوە و  داوایان کرد لەگەڵ بڕیارەکە نرخی ئارد و غازیشیان بۆ کەم بکرێتەوە.
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت: "بابەتەکە وەکو خۆی بە نانەواخانە و سەموونخانەکان نەگەیشتبوو، وایان تێگەیاندبوون تەنیا بڕیاری ئەوە دراوە ژمارەی نان و سەموونەکەیان بەرز بکەنەوە، لە بەرامبەریشدا هیچیان بۆ نەکرێت، بەڵام ئەوە راست نییە، پێش ئەم بڕیارە زەمینە خۆشکراوە بۆ ئەوەی زۆر شت بۆ خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکان بکرێت".
 
پارێزگاری هەولێر روونیدەکاتەوە؛ "لە رابردوودا خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەکان داواکارییان ئەوە بوو نرخی کارەبایان بۆ هەرزان بکرێت بۆ 50٪ و ئەوە داواکارییە جێبەجێکرا، ئێستاش داواکارییان ئەوە بووە گازیان بۆ دابینبکرێت، ئەمڕۆ هەر نانەوایەک لە بازاڕی ئازاد بیەوێ گاز بکڕێت، لیترێکی بە 600 دینار پێدەفرۆشن، بەڵام بە شێوەیەکی پاڵپشتیکراو لیترێک گازیان بە 300 دینار بۆ دابین دەکەین".
 
بۆ ئەو نانەواخانانەی پێداویستییەکانی بەکارهێنانی غازی شلیان نییە و تەنیا بوتڵی غازیان بەکارهێناوە، پارێزگای هەولێر کۆمپانیای دابەشکردنی غازی راسپاردووە پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات. لەبارەی دابەزاندنی نرخی ئاردیش ئومێد خۆشناو دەڵێت؛ "یەک فەردە لە بازاڕ بە 34 هەزار دینارە، بەڵام نانەواخانەکان بە 29 هەزار دینار ئاردیان بۆ دابیندەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ هەر تۆنێک ئارد، فەردەیەکیش بەخۆڕایی وەردەگرن و بە گشتی نرخی فەردەیەک ئارد لەسەر ئەوان 28 هەزار دینار دەکەوێت" و دەشڵێت، وەکو حکومەت بەرپرسیاریەتی چاودێریکردنی کوالێتی ئەو ئاردە هەڵدەگرن کە بەسەر نانەواخانەکاندا دابەشدەکرێت.
 
پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئێمە پێش ئەوەی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بخەینەکار، بڕیارمان لە سەرجەم ئەو پاڵپشتییانە داوە کە بۆ خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەکان دەستەبەر دەکرێن و دڵنیایان دەکەینەوە کە بڕیارەکە لە قازانجی ئەوانە، ئەو لایەنانەش کە ویستیان بابەتەکە بەراوەژوو بکەنەوە، دڵنیایان دەکەین کە ئێمە بەردەوامدەبین لە خزمەتکردنی خەڵک و کاسبکارانی پارێزگاکەمان".
 
خاوەن نانەواخانەکە "هەر رەخنەیەکی گرتووە، بەلای حکومەتەوە ئاساییە" 
 
لەبارەی دەستگیرکردنی یەک لە خاوەن نانەواخانەکان کە لە گردبوونەوەکەی دوێنێ بە تووڕەییەوە لە بەرامبەر کامێراکان ناڕەزایەتی لەو بڕیارەی حکومەت دەربڕی، ئومێد خۆشناو روونیدەکاتەوە؛ "ئەو گەنجە یەکێک لە کاسبکارەکانی شارەکەمانە، ئەو پەیامەی ئێستا راگەیەنرا کە دوێنێ بەشێکی زۆر لە خاوەن نانەواخانەکان و خەڵک پێیان گەیشتبوو، نزیکەی 20 خاوەن نانەواخانە پەیامەکەیان پێ نەگەیشتبوو، ئەو کەسە هەر رەخنەیەکی لە حکومەت گرتووە، بەلای حکومەتەوە ئاساییە و ئێمە لەسەر بنەمای دیموکراسی کە وڵاتێکی دیموکراتین و باوەڕمان چەسپاندنی دیموکراسییەتە، هەر بۆچوون و سەرنجێک لە چوارچێوەی لۆژیکدا بێت، بەو رەخنانە دەوڵەمەند دەبین و هەڵەکانمان چاکدەکاتەوە".
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر؛ "ئەو گەنجە تۆزێک سەرگەرمانە هەڵسوکەوتی کرد و بەداخەوە هەندێک قسە کە نەدەبوا بیکات، بەرامبەر شارەکە و خەڵکی شارەکە، کردی. لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵکرا. بۆ هێورکردنەوەی جەوەکە و لەلایەن دەزگە پەیوەندیدارەکانەوە بانگکرا و ئێستاش ئەو گەنجە لە دەرەوەیە و دوای ئەوەی داوای لێبوردنی لە خەڵکی هەولێر کرد، هەموو قسەکانی لای ئێمە کۆتایی پێهات".
 
کۆتایی ساڵی پار، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا نرخی نان هەرزان بکرێت و 10 نان و سەموون بە کێشی 90 گرام بکرێتە هەزار دینار، بەڵام دوێنێ دووشەممە خاوەنی بەشێک لە نانەواخانەکانی هەولێر ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژی بڕیارەکە وەستانەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، ناتوانن 10 نان بە هەزار دینار بفرۆشن، ئەگەر ئارد و گازیان بە هەرزان نەدرێتێ.
 
لە کاتی گردبوونەوەکە یەکێک لە خاوەن نانەواخانەکان بە دەنگێکی بەرز ناڕەزایی دەبڕی و ڤیدیۆی ناڕەزاییەتییەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی؛ دوای گوتەکانی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرا.