یاریزانێکی کیکبۆکسینگی 9 ساڵانی وان چاوی لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکانە: محەممەد عەلی کلای رابەرمە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەتا کەشوهەوا ساردتر بێت، محەممەدی تەمەن 9 ساڵ گەرموگوڕتر دەبێت؛ ئەو لە وانی باکووری کوردستانە و دەیەوێت ببێتە پاڵەوانی کیکبۆکسینگ.
 
محەممەد بەکر ئویوماز، یاریزانی کیکبۆکسینگ دەڵێت، "لە پاڵەوانێتیی کیکبۆکسینگی وان یەکەم بووم و پلیتی بەشداریکردنم لە پاڵەوانێتیی تورکیا بەدەستهێنا."
 
محەممەد دەڵێت، محەممەد عەلی کلای بە رابەری خۆی دەزانێت، بۆیە دڵنیایە لە سەرکەوتن. پلەی گەرما لەو شوێنەی محەممەد راهێنانی تێدا دەکات 2-8 پلەی ژێر سفرە. ئەو منداڵە دەڵێت، "ئامانجم ئەوەیە وەکو پاڵەوانی تورکیا لە وڵاتانی ئەوروپا و تایلاند یەکەم بم."
 
سەمەد ئویوماز، باوکی محەممەد دەڵێت، "لە زستانێکی سەختدا درێژە بە مەشق دەدەین. گوێ نادەینە بەفر و باران و راهێنان دەکەین."
 
پاڵەوانێتیی کیکبۆکسینگ بۆ منداڵان 22-28ی کانوونی دووەم لە ئەنتاڵیا و مێرسینی تورکیا بەڕێوەدەچێت؛ ئەگەر محەممەد بەکر ئویماز یەکەم بێت، بەشداری لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکانیشدا دەکات.