هاتووچۆی کرماشان: لە 10 مانگدا 63 کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، لە 10 مانگی رابردوودا لەو پارێزگایەدا 63 کەس لە شەقام و رێگاکانی نێو شار بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
 
محەممەد حەیدەری، بەرپرسی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کرماشان دەڵێت: "ئەو کەسانە لە کاتی پەڕینەوە لە رێگا چەند سایدەکان و هەروەها شەقامە سەرەکییەکانی نێو شارەکاندا، ئۆتۆمبیل لێیداون، چونکە لەو رێگایانەدا خێرایی ئۆتۆمبیلەکان زیاترە."
 
محەممەد حەیدەری باس لەوە دەکات، "بەپێی یاسا و رێوشوێنەکان، لەو جۆرە شەقامانەدا کە پرد و شوێنی تایبەت بۆ پەڕینەوەی خەڵک دروستکراوە، خەڵکیش دەبێت رەچاو بکەن و لە شوێنە دیاریکراوەکان لە شەقامەکانەوە بپەڕنەوە، ئەگەر لەو شوێنانەوە نەپەڕنەوە خۆیان بە هۆکاری سەرەکی رووداوەکە دادەنرێن."
 
بەگوتەی حەیدەری، لەو 63 کەسەی کە شەقامەکانی پارێزگای کرماشاندا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 86٪یان لەنێو شاری کرماشاندا بووە.
 
بەپێی دوایین راپۆرتی دادپزیشکی پارێزگای کرماشان، لە 9 مانگی رابردوودا 413 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022دا 414 کەس گیانیان لەدەستدابوو.